لەسەر بانگەوازیی کۆنسەی بەڕیوەبەرییکۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بەشێکی زۆر لە نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوە کوردستانیەکان، ڕۆژی 16.06.2018 لە ئۆفیسی ناوەندی ک ن ک لە برۆکسل کۆبوونەوە. بەشداربووان بە فراوانی لەسەر دۆخی کوردستان، بە تایبەتیش داگیرکاریی تورکیا لە باشوور کە تا دێ زیاتر ئەبێت، وتووێژی چڕوپڕیان کرد، ڕاو سەرنج و هەڵوێستی خۆیان خستە ڕوو. لە ئەنجامدا بڕیار درا کە کۆبوونەوەکە وەک دەستپێشخەرییەک بەردەوامبێت. هەمانکات پلانسازییەک بۆ کاری دیپلۆماسی و جەماوەریی ئامادە کرا. هەروەها کۆبوونەوە بڕیای دا بەڵگەی ستراتیژی نەتەوەیی کە ساڵی 2008 لە جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درا و دواتر چاکسازیی تێدا کرا، جارێکی تر بڵاوبکرێتەوە.
وەک ئاشکرایە دەولەتی تورکیا لەسەرەتای ئەمساڵەوە هێرشەکانی خۆی بۆ سەر پارچەکانی تری کوردستان (رۆژاواو باشوور) فراوانتر کردووە. نەک تەنیا هەر هێرش ئەکات، بەڵکو شوێنی زۆریش داگیر ئەکات. سەرەتا هێرشی کردە سەر عەفرین. دواتر لە 10ی مانگی ئازارەوە دەستی بەهێرش بۆ سەر باشووری کوردستان کردووەو هەرێمی برادۆستی داگیرکردووە. ڕۆژ بەرۆژیش هێرشەکان فراوانتر ئەکات. هەرچەندە بە بیانووی دوژمنایەتی هەپەگە پڕۆپاگەندە بۆ هێرشەکانی ئەکات، بەلام لە بنەڕەتدا ئامانجی ئەو هێرشانە لەناوبردنی دەسکەوتەکانی گەلی کوردستانە. هەرچیەک ئەڵێن بڵێن، بەلام خۆ دیارە ئەو شوێنانەی بۆمباران ئەکرێن و داگیر ئەکرێن، خاکی کوردستانن و ئامانجیش لەو هێرشانە هەر گەلی کوردستانە.
لەبەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکاریانەدا، گەلی باشوور و ژمارەیەک پارت و ڕێکخراوی مەدەنی، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرز کردۆتەوەو هەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەییان ڕاگەیاندووە. بەلام بەداخەوە، تا ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێک پارتی کوردی بێ دەنگ و هەلوێستن. حکومەتی بەغداش هەڵویستێکی ڕوون و ئاشکرای نییە. هەمانکات ڕای نێودەولەتیش بێ دەنگە. هەموو ئەمانەش زیاتر هانی دەوڵەتی تورکیای داوە هێرشەکانی فراوانتر بکات.
سەبارەت بەم بارودۆخە، کۆبووەنەوە بڕیاری لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە داو بۆ ڕای گشتی ڕایئەگەیەنێت.
سلاو بۆ هەموو ئەو هێزانەی لە باکورو باشوورو ڕۆژاوا لەبەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکاریانە بەرخۆدان ئەکەن، ئەنێرێت و تێکۆشانی ئەوان بەڕێزەوە بەرز ئەنرخێنێت و بە هەموو توانایەک پشتگیرییان ئەکات.
کۆبوونەوە ئەو هێرش و داگیرکاریانە ڕیسواو شەرمەزار ئەکات. لەبەرامبەریان هەڵوێست ئەگرێ و پشتگیریی هەموو تێکۆشانێک دژی ئەو داگیرکارییانە ئەکات.
لە بەرامبەر ئەم داگیرکاریەی دەولەتی تورکیادا، پێویست بە یەکێتییەکی بەهێز هەیە. لەو بارەیەوە کۆبوونەوە داوا لە پلاتفۆرمی خاوەندارێتی لە بەرخۆدانی عەفرین، (کە هەموو ئەم پارت و ڕێکخراوەنەی ئەم کۆبوونەوەی تێدایە)، بە گشتیی لەبەرامبەر داگیرکاریی تورکیا هەڵوێست بگرێت، ڕۆڵ و خەبات و ناوی خۆی لەسەر بنەمای ئەم دۆخە نوێ بکاتەوە.
تا ئەو کاتەی پلاتفۆرمی خاوەندارێتی لە بەرخۆدانی عەفرین لەسەر بنەمای ئەو داواکاریانە خۆی نوێ ئەکاتەوە، ئەو پارت و ڕێکخراوانەی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارن، وەک دەستپێشخەرییەکی دژی داگیرکاریی کارەکان بەڕیوەئەبەن.
کۆبوونەوە بانگی هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردستانیەکان ئەکات، لەبەرامبەر ئەم داگیرکاریانەدا بێ دەنگ نەبن و خاوەن هەڵوێستێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بن.
کۆبوونەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا ئەکا، چی دی لەبەرامبەر ئەم داگیرکاریانەدا بێدەنگ نەبن. هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرایان هەبێت.
کۆبوونەوە داوا لە دۆستانی گەلی کوردستان و ڕای گشتیی نێونەتەوەیی ئەکا لەبەرامبەر ئەم داگیرکاریانەدا هەڵوێست بگرن. پشتگیریی تێکۆشانی گەلی کوردستان بکەن.
کۆبوونەوە پشتگیریی هەموو ئەو چالاکیانە ئەکات کە دژی داگیرکاریی دەولەتی تورکیان لە کوردستان. بە تایبەتیش سڵاو لەو کۆڕ و کۆمەڵانە ئەکات کە سەردانی قەندیل ئەکەن. هەمانکات داوا لە کوردستانیان و دۆستانی دۆزی کوردستان ئەکات بە گەرمیی بەشداری ئەو چالاکیانە ببن.
حکومەتی ئاکەپە هەموو داگیرکارییەکانی خۆی لە ڕۆژاواو باشوور و هەموو هێرشەکانی بۆسەر گەلی کوردستان، وەک بەشێک لە کەمپنی هەڵبژاردن و لە دژی هەدەپە بەکاردێنێ. لەم بارەیەوە کۆبوونەوە داوا لە گەلی باکوری کوردستان و دیموکراتخوازانی تورکیا ئەکات، بچن بۆ دەنگدان و دەنگ بە هەدەپە بدەن.
دەستپێشخەریی دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان
#19-06-2018#