دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەرپرسێکی پارێزگای #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت، هەزار و 740 کەس تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان پێدراوە، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە ئەوانەی مۆڵەتیان هەبێت هیچ کەسێکیان کوشتبێت.
دوای جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ پێدانی مۆڵەتی چەک بە هاووڵاتیان لە 14ی ئەیلولی 2014وە تا کۆتایی ساڵی 2017، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر هەزار و 611 کەس مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان پێدراوە، تەنیا لەمساڵیشدا 129 کەس مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان پێدراوە.
لەبارەی ئه و کەسانەی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان پێدراوە، خالید کورەچی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ لە پارێزگای هەولێر بە دواڕۆژی وت بەپێی یاسا مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک به و کەسانە دەدرێت کە کاری گواستنەوەی پارە دەکەن، هەروەها ئەوانەی بەتەمەنن و کەسانی ناسراون. مۆڵەتەکەش تەنیا بۆ بەرگرییە لە خۆیان نەک کوشتنی هاووڵاتیان، هەروەها بەپێی یاسا ئەوانەی تەمەنیان گەیشتوەتە 18 ساڵ دەتوانن مۆڵەتیان پێبدرێت، بەڵام ئێمە مۆڵەت بەهەموو کەسێک نادەین، تەنانەت ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 28 ساڵی نەبێت مۆڵەتمان پێنەداون.
وتیشی لیژنەیەک وردبینی دەکات بۆ ئه و کەسانە کە مۆڵەتیان پێدەدرێت. هەرسێ پارێزگا بەیەک سیستم کە سیستمێکی ئەلیکترۆنییە بەیەک شێوە مۆڵەت دەدرێت.
ئەوەشی وت لە 14ی ئەیلولی 2014وە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، سیستمێکی نوێی پێدانی مۆڵەتی چەکهەڵگرتن بەشێوەی ئەلیکرتۆنی بۆ پارێزگاکان دانا کە یەک ڕەنگ و یەک جۆر مۆڵەتە.
لەبارەی ڕووداوەکانی کوشتنی چەند ڕۆژی ڕابردووی هەولێر، ئه و بەرپرسەی پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستەڕوو ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەهەموو ئه و کوشتانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە هەولێر کردووە، بۆمان دەرکەوتووە کە کوشتنی هیچ یەکێک له و هاووڵاتیانەی هەولێر بە دەستی ئه و کەسانە نەبووە کە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان هەیە.
ئه و بەرپرسەی پارێزگای هەولێر ئاشکرایدەکات، مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک به و کەسانەش نادرێت کە گومانیان لێیان هەبووە کە بۆ کاری کوشتن بەکاریبهێنن لە داهاتودا.
بەپێی یاسای هەڵگرتنی چەک لە هەرێم، لەکاتی مردن و تازەنەکردنەوەی مۆڵەتدا یاخود لەکاتێک هاووڵاتییەکە خۆی پێویستی پێنەبێت، مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک هەڵدەوەشێنرێتەوە.[1]
#24-06-2018#