رەوتی گرانبوونی نرخەکان لە ئێران خەریکە لە ڕۆژ بە ڕۆژەوە دەبێتە کاژێر بۆ کاژێر، هەر لە دراو، زێڕ، ئوتۆمبێل، خانوبەرەوە بگرە تاوەکو خواردەمەنی و پێداویستییەکانی ڕۆژانە، نرخەکان بە شێوەیەکی خێرا لە بەرزبوونەوەدان و لە #ئیلام#یش بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان خێراترینە.
رۆژی شەممە دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا بە حەوت هەزار و 800 تمەن تاوەکو هەشت هەزار تمەن بوو، نرخی مۆبایلیش 30% بەرزبووەتەوە. هەر بەو پێیە نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانیش لە هەڵکشاندان.
ئەمە دۆخی سەرانسەری ئێرانە، بەڵام لە پارێزگەی ئیلام کە یەکێکە لە پەراوێزخراوترین و هەژارترین پارێزگەکانی ئێران، نرخەکان دووهێندەی شوێنەکانی دیکەی ئێران بەرزبوونەتەوە. بەگوێرەی شارەزایانی ئابووری پارێزگەی ئیلام ئێستا لە نرخی کاڵاکاندا لە گرانترین پارێزگەکانی ئێرانە.
بە بڕوای شارەزایانی ئابووری دووربوونی ئیلام لە ناوەند و تێچووی زۆری گواستنەوەی کاڵاکان، هەروەها نەبوونی بەرهەمهێنان لەناوخۆی پارێزگەکە و نەبوونی خزمەتگوزاریی تەکنیکی، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخن لە ئیلام.
ئەگەرچی خەڵک و فرۆشیارەکان گرانبوونی دۆلار بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکان دەزانن، بەڵام یارەڵڵا نەسیری، سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازی و بازرگانی و کانزاکانی ئیلام دەڵێت: نرخی دۆلار هیچ پەیوەندییەکی بە گرانبوونی نرخی کاڵاکانەوە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک بەرژەوەندیخواز ئەوەیان بە قازانجی خۆیان قۆستووەتەوە.
نیعمەتوڵڵا بەیرانوەند، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی تەعزیراتیش جەخت لەوە دەکاتەوە، بە جدی چاودێریی نرخەکان دەکرێت: گرانفرۆش، قۆرخکار و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
بەڵام محەمەد نەقی لوتفی، پێشنوێژی هەیینیی ئیلام، گرانبوونەکانی ئەم دواییەی بۆ نەبوونی سیستەمی بەڕێوەبردن و ستراتیژیی ئابووری، زۆربوونی نەختینە، نرخی دراو، زۆری کاڵای قاچاخ و پشتگیرینەکردن لە بەرهەمی ناوخۆ دەگێڕێتەوە. ئەو، دەڵێت بەرزبوونەوەی نرخەکان تەنگی بە چینە لاواز و مامناوەندەکان هەڵچینەوە، حکومەت بە بێدەنگی و هەندێ جاریش بە وەڵامی نەگونجاو، خەڵک زیاتر لە دۆخی ئابووریی وڵات بێهیوا دەکات.[1]
#25-06-2018#