بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، ساڵانە لە هەریمی کوردستان زیاتر لە 100 ژن ڕووبەڕووی توندوتیژیی سێکسیی دەبنەوە، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتییەکەش دەڵێت: لەوانەیە ژمارەکە زیاتر بیت، بەڵام قوربانییەکان دەستیان بە بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێمە ناگات تا سکاڵا تۆمار بکەن.
ڕۆژی 19/حوزەیرانی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی سێکسیی لەکاتی ململانێکاندا، ناسێندراوە، لەو ساڵیادەشدا ئەمڕۆ کاتژمێر 10:00 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر کۆنفرانسێک بەناونیشانیشکۆمەندیی ژنان و کچانی ڕزگاربوو دەپارێزین، لەگەڵ گەڕانەوەی ماف و بەهاکان بۆ لەدایکبوانی توندوتیژیی سێکسیی لەکاتی جەنگدا، دەستیپێکرد و هەتا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامیی دەبێت.
لە کۆنفرانسەکەدا، نوێنەری یۆنامی، ڕێکخراوە جیهانییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و چەند وەزارەتێکی حکومەتی هەریم بەشدارن.
لە میانی کۆنفرانسەکەدا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانی کوردستان ڕایگەیاند: ئەم کۆنفرانسە بۆ دیارییکردنی ڕێوشوێنێکی زانستیی و دەروونیی فرە لایەنە، ئامانجیش لێی خزمەتکردنی ئەو قوربانیانەیە، کە لە ئەنجامی ململانێکان کەوتوونەتەوە.
پەخشان زەنگەنە، وتیشی: ئەمە دووەم کۆنفرانسی لەم جۆرەیە، کە لە هەرێمی کوردستان ساز دەکرێت، گفتوگۆکانمان هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لە کۆمەڵگادا ڕووبەڕووی توندوتیژیی سێکسیی دەبنەوە، نەک هەر ئەوانەی کە لە ژێر دەستی گروپە توندڕەوەکاندابوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بوونی یەک ملیۆن و 400 هەزار ئاوارە و پەنابەری ناوخۆ و دەرەوەی عێراق و ئەو منداڵانەی لە ڕوشێکی نا سروشتیدا لەدایکبوون، بەشێکی دیکەی ئەو قوربانیانەن کە دەبێ ڕێوشوێنی گونجاویان بۆ دیاریی بکرێت.
هەر لەو کۆنگرەیەدا، کوردە حومەر، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی گشتیی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان وتی: بەپێی ئامارەکانی بەرێوبەرایەتیەکەمان ساڵانە لە هەرێمی کوردستان 100 بۆ 110 ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژیی سێکسیی دەبنەوە، لەوانەیە ئەو ژمارەیە زیاتریش بێت، بەڵام ئەو ژنانە دەستیان بە بەڕێوبەرایەتییەکانی ئێمە ناگات لە شار و شارۆچەکەکان.
لەدوای هێرشەکانی چەتەکانی داعش بۆسەر سوریا و عێراق و بە سەبایا کردنی هەزاران ژن، تایبەت لە شەنگال و موسڵ و دەستدرێژییکردنە سەریان، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 19/حوزەیران/2015 بڕیاری نەهێشتنی ئەو تاوانەی دەرکرد و 19/حوزەیرانی وەک ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی سێکسیی لەکاتی ململانێکاندا، دیارییکرد.[1]
#25-06-2018#