کوردستانیانی وڵاتداگیرکراو.
دایک و باوکانی جەرگ سووتاو، خوشکانی خەمبار و ڕەشپۆش، ڕۆڵە قارەمانەکانی خاک ونیشتیمانداگیرکراو. کرێکاران، جووتیاران، کاسپکاران، وەرزشکاران، بازرگانان، کارمەندان و پیشەییەکان، گشت چین وتۆێژو پێکهاتەکانی کوردستان.
هەروەک دەبینن و دەبیسن، کە ڕۆژانە کۆڵەکەی دەسەڵاتی 40 ساڵەی ئەم ڕێژیمە دواکەوتووە و داگیرکەرەی کوردستان بەرەو لەقبوون دەروات. ئەگەری ڕووخانی لە جاران زیاتر نزیکبووەتەوە. بارەگای ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە درزی ناوەکی ودەرەکی تێکەوتووە کە هەرگیز چارەسەرناکرێن، وبگرە ڕۆژتارۆژ زیاتر درزەکان گەورەتر دەبن.
وەک پارتی سەربەستیی کوردستان، وەک پارتێکی نەتەوەیی و سەربەخۆخواز، وەک خەمخۆری پاراستنی گیانی لاوانی کوردستان، کە هەمیشە داوامان لە خەڵک و لاوانی کوردستان بووە، لە ڕاپەرینی نا شایستە خۆ دووربگرن و گیانیان بپارێزن. هەرگیز هاندەری ئەوە نەبووین کە لاوانی ئێمە لەو جۆرە خۆثێشاندانەی کە ڕێرەوی نەتەوەیی لە پشتەوە نییە، لاوانی کورد گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوەو زیاتر ببنە نێچیری ژێرسێ بە دەستانی کورد کوژی کۆماری فارسی ئیسلامی داگیرکەری ئێرانی.
ئەوەی کە لامان گرنگە ئەوەیە کە داوا لە گشت کوردستانیانی خۆشەویست بکەین، کە لە ئامادەباشی تەواودا بن بۆ هەر گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراو.
ئەگەر تیشکی خۆپێشاندانەکان گەیشتنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەوڵی کۆکردنەوەی بەڵگەو دوکۆمینتەکاندا بن کە بوونەتە هۆکاری ژینووساید و قەتڵ و عامی ئازادیخوازانی کورد، لە هەوڵی پاراستنی دام و دەزگاکانی ڕۆژانەی ژیانی خەڵکدا بن.
لە ئاپۆرای خۆپێشاندانەکاندا با دروشمەکانتان لە پێناو مافە ڕەواکانتاندا بێت. وەک بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بۆ دەرەوەی ئەی فارسی ناشیونالیست و داگیرکەری کوردستان. ڕۆژهەڵاتی هی کوردانە، تارانیش بۆ فارسانە. نەک باسکردن لە گرانی شت و مەک و دروشمی دیکە کە بیری نەتەوەیی بەرەو لاوازی ببات. بۆ ئەوەی مێژووی ئەم ڕاپەرینانە ببنە وانەیەک بۆ نەوەی سەدانساڵی داهاتوومان، کە چیدیکە نەکەونە داوی دروشمی ناڕاستی داگیرکەران. بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنەکانی جیهان دەنگتان بۆ سەربەخۆیی بە گۆی دەسەڵاتداران و زلهێزانی جیهاندا بگەیەنن.
بۆ پێشەوە بەرەو یەکێتی و یەکدەنگی کوردانی وڵاتداگیرکراوی خۆرهەڵاتی کوردستان، بۆ وەدەرنانی داگیرکەرانی خاک و نیشتیمان و سەروەت و سامانی کوردان.
بروخی هەر جۆرە دەسەڵاتێکی فارسی لە ژێر هەر ناو ئایدولۆژیاییەک لە سەر خاکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی بندەست بێت.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان
4ی پووشپەڕی 2718 ی کوردی
#25-06-2018#