نووسینی: م. زانا مەجید سادق و م. جەمیل عەبدولکەریم عەبدوڵا
زانکۆی کۆیە – زانکۆی سەلاحە دین
قەبارەی کتێب: 2417 – (375) لاپەڕە
ساڵی چاپ: چاپی یەکەم 1436ک – 2015ز
لەم ڕۆژگارەدا توێژەران و ئابوریناسان وای بۆ دەچن کە چالاکیەکانی بەبازاڕخستن (التسویق) کە ڕێکخراوەکان دەیگرنەبەر برییتیە لە یەک لە سەر سێ ی گشت ئەو پرۆسە و چالاکیە بازرگانی و نابازرگانیانەی کە ئەو ڕێکخراوانە هەڵدەستن بە ڕاپەراندنی. بۆیە ئێستا بەبازاڕخستن (التسویق) بۆتە کارێکی بە قازانج تەواو بوو وە لە گشت ئەو ڕێکخراوانەی کە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی کاروبارێکی بازرگانی. دەتوانین پێناسەی بەبازاڕخستن بکەین کە بریتییە لە “کۆمەڵە چالاکیەکی پێویست بۆ ئاراستەکردنێکی دەرەکی کەل و پەل و خزمەت گوزاری لەبەرهەم هێنەر (ڕێکخراو و کۆمپانیا) بۆ بەردەستی بەکاربەران و بەکارهێنەران”. یان بریتییە لە “سیستمێکی داڕێژراوی تەواو بۆ جموجۆڵەکانی ڕێکخراو کە ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە: پیلان دانان بۆ بەرهەم هێنان، نرخ دانان، پیاهەڵدان، دابەش کردنی کاڵاکان و خزمەتگوزاریەکان بۆ تێرکردنی پێویستیەکان و ئارەزووەکانی بەکارهێنەران ئەوانەی ئێستا و ئەوانەی لە داهاتووشدا”.
وە بەڕێوەبردنی بەبازاڕخستن (ادارە التسویق) بە یەکێک لە وەزیفەکانی ڕێکخراو هەژماردەکرێت کە قوتابیان و خوێندکاران لە بەشەکانی کارگێری و ئابوری دەیخوێنن و ئاشنایەتی پەیدا دەکەن لەگەڵ ئەم بابەتە، ئەم بابەتە وەکو بابەتێکی سەرەکی دەخوێندرێ لە زۆربەی هەرە زۆری کۆلێژەکانی کارگێری و ئابوری وە بووەتە جێگای گرنگی زۆربەی ئەو کەسانەی کە خولیای خوێندنی ئەو بابەتەن. بۆیە نووسەران هەوڵیاندا کە خوێندکاران و قوتابیانی کوردیش ئاشنای ئەم بابەتە گرنگە بن وە بە تایبەتی کە ئەم پەرتوکە بە زمانی شیرینی کوردی ئامادەکراوە، کە یارمەتی خوێندکاران و قوتابیان و خوێنەرانیش دەدات باشتر شارەزایی وەربگرن دەربارەی ئەم زانستە و ئاشنایەتی بنەما سەرەکیەکانی ئەم بابەتە گرنگە بن.
بۆچی ئەم کتێبە گرنگە؟
ئەم کتێبە لەلایەن دوو مامۆستای زانکۆ نووسراوە کە پسپۆڕن لەبوارەکەدا، هاوکات دکتۆر زانا مجید صادق جگە لەوە خاوەنی کتێبی بنەماکانی زانستی ئابوورییە.
هەروەها ئەم پەرتووکە لە یازدە بەشی سەرەکی پێک دێت، بەشی یەکەم قوتابیان و خوێندکاران ئاشنا دەکات بە چەمکی بەڕێوەبردنی بەبازاڕخستن (ادارە التسویق) و پێشکەوتنی. بەشی دووەم تایبەتە بە شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە ژینگەی بەبازاڕخستن. بەشی سێیەمی ئەم پەرتووکە گرنگی دەدات بە ناساندنی بازاڕ و جۆرەکانی. وە لە بەشی چوارەم تاوەکو بەشی حەوتەم پێکهاتەکانی تێکەڵەی بەبازاڕخستن (مکونات المزیج الترویجی) کە بە دەناسرێتەوە شرۆڤەی بۆ کراوە و بە تێر و تەسەلی بابەتەکانی ئەم پێکهاتانە باسکراون. بەشی هەشتەمیش باسی ڕەفتارەکانی بەکاربەر دەکات و ئەو باسانەش خراونەتە ڕوو کە یارمەتی بەکاربەر دەدات بۆ دەرکردنی بڕیارەکانی کڕینی تایبەت بە کاڵا و خزمەتگوزاری و پێداویستیەکانی. وە لە بەشی نۆیەمدا باسی بەبازاڕخستنی نێودەوڵەتی کراوە لەگەڵ گرنگترین دەروازە و کەناڵەکانی تایبەت بە چوونە نێو بازاڕە جیهانیەکان. وە لە بەشی دەیەمدا باسی بازرگانی ئەلیکترۆنی کراوە کە ئێستاکە بووەتە بابەتی ڕۆژ و ڕێکخراوەکان گرنگی تایبەتی پێدەدەن. وە لە کۆتا بەشیشدا کە بەشی یازدەمە باسی سیستەمی زانیاری بەبازاڕخستن کراوە. [1]