کچێکی تەمەن 16 ساڵ بەهۆی هاوسەرگیریی زۆرەملێوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
شەوی 25-ی ئەم مانگە لە شارۆچکەی #شارەزوور#ی سەر بە پارێزگای سلێمانی کچێکی لەدایکبووی ساڵی 2002 بەناوی (ک)بە پەت خنکا و کۆتایی بە ژیانی هات.
سەرچاوەیەکی نزیک لە (ک)، کە ناوەکەی پارێزراوە بە ڕۆژنیوزی ڕایگەیاند:(ک) بە پەت خۆی خنکاندووە.
ئەو کەسە، چیرۆکی (ک)ی بەم شێوەیە گێڕایەوە:
ک، تەمەنی 16 ساڵ و خوێندکاری پۆلی 10ی ئامادەیی بوو، پێنج مانگ بەر لە ئێستا کوڕێکی تەمەن 35 ساڵ خوازبێنیی کرد و (ک) و خێزانەکەشی ڕازیی بوو بەو هاوسەرگیرییە، بەڵام دوای نزیکەی مانگێک (ک) پەشیمان بووە و هەستیکرد جیاوازیی تەمەن و فکریان زۆرە لەگەڵ دەسگیرانەکەیدا.
(ک)، بە خێزانەکەی دەڵێت، کە دەیەوێت لە دەستگیرانەکەی جیاببێتەوە، سەرەتا باوکی پێی دەڵێت زۆرت لێناکەم، ئەگەر پەشیمانی جیاببەوەرەوە، بەڵام دایکی هاوڕای نابێت و پێی دەڵێت:خۆ بڕیاری جیابوونەوە لەدەست تۆدا نییە، تازە مارەکراویت، نابێت جیاببیتەوە.
(ک) لەگەڵ خوێندنەکەی بەردەوام دەبێت و لە تاقیکردنەوەکاندا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و دەردەچێت بۆ پۆلی 11، بەڵام کێشەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵ دەبێتەوە، کاتێک دەستگیرانەکەی دەزانێت (ک) نایەوێت بەهیچ شێوەیەک ڕازیی ببێت بە وهاوسەرگیرییە، قبوڵی جیابوونەوە دەکات، بەو مەرجەی پێنج هەزار دۆلار-ی بدەنێ، کە لە ماوەی دەسگیراندارییدا بۆ (ک)ی خەرج کردووە، ئەمەش کێشەی زیاتر دەخاتە ماڵی (ک)ەوە.
(ک)، ئیدیی بێ پشتیوان دەمێنێتەوە و باوکیشی پشتگیریی ناکات، تا لە ڕۆژی 25/6/2018 باوکەکەک ئازاری (ک) دەدات و لێیدەدات، (ک) دەچێتە ماڵی پوری، کە تەنیا 100 مەتر لە ماڵی خۆیانەوە دوورە، پوری (ک) دەچێتە باڵکۆنی خانووەکەیان و سەرقاڵی نان کردن دەبێت (ک)-ش بە پەتێک، کە بۆ جۆلانەی منداڵ هەڵواسراوە خۆی دەخنکێنێت و لەپێناو ئەوەی جۆرێک ژیانی ڕەتکردەوە، ژیانی هەتاهەتایی کرد بە قوربانیی.
لە بەرامبەردا، باوکی (م)، باوکی (ک)، ڕەتیکردەوە، کە ئازاری کچەکەی دابێت و وتی: پێموتووە پشتگیرییت دەکەم، ئەگەر ئەم هاوسەرگیرییەت پێخۆش نییە، هەر شتێک بڵێیت من دەڵێم بەسەرچا و زۆرت لێناکەم.
(م)، وتیشی: دەستگیرانەکەی بەهۆی ئەوەی زۆر (ک)ی خۆش دەویست نەیدەویست لێی جیاببێتەوە، بۆیە داوای پێنج هەزار دۆلار-ی کرد، لەکاتێکدا جگە لە ئەڵقە و سەعاتێک و خەرجیی مارەکردن، هیچ پارەیەکی دیکەی بۆ خەرج نەکردووە، کە ڕەنگە تەنیا 700 هەزار دیناری تێچووبێت، منیش پێموتووە چەند پارەت خەرج کردووە، ئامادەم بە سێ هێندە بۆت ببژێرم.
سەبارەت بە دایکی (ک)، م، ڕەتیکردەوە، کە دایکی زۆری لە کچەکەی کردبێت و وتی: ئەو هەر سەرەتاش بە هاوسەرگیرییەکە ڕازیی نەبووە.
وەک (م)، باسیکرد، هەتا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرنەکراوە.
بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، 178کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆرستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەشتوون.بەپێی تازەترین ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش 180 کەس کوژراون و خۆیان کوشتووە.[1]
#01-07-2018#