#هاوڕێ باخەوان#
زۆرم بیستووە و زۆریشم خوێندووەتەوە لەسەر سیڤەر و لۆزان.. زۆرێکیش ڕایان وایە کە زۆرینەی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر کوردا هاتوون هۆیەکەی لۆزانە! تەنانەت خۆشم ماوەیەک ڕایەکی لەو جۆرەم هەبوو!
ئەوەی لەو گفتوگۆ و نووسینانەدا نەمدەبینین، خۆمان و بیرکردنەوەی خۆمان بوو! ئێستا خۆشبەختانە ئەو ڕایانە کەمێک گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، خەڵکانێک هەن پێش هەموو شتێک پەنجە بۆ نەزانیی خۆمان ڕادەکێشن.. ئەمە پێشتر تابووبوو و کەم کەس هەبوون جگە لە ستاییش و ڕەشکردنەوەی ئینشایەکی عاتیفییانە دەربارەی ئەوەی کە ئێمە نەتەوەیەکی ئازا و چەوساوە و چاونەترس و زیرەک و چی و چی ترین! بە هیچ جۆرێک لە وەتەری هەستیاری نەدەداین!.. هەر بۆیە ئەو نووسین و بیروڕایانە نەک هەر جێی خۆیانی نەگرت! بەڵکوو بووشنە زیانێکی گەورە بۆ ئێمە و هۆکارێکی گەورەش بوو کە نەمانتوانی لە دوای لۆزانەوە، ببینە هۆی ئەوەی چەندین لۆزانی تر درووستنەبنەوە!.
چەند جارێک چوومەتە لۆزان، پێش چەند ڕۆژێکیش بەڕێکەوت بە لۆزاندا تێپەڕیم، هەرچەند دەچمە ئەو شارە یەکسەر بیری خۆمان و کێشەکەمانم دەکەوێتەوە! هەموو جارێکیش دەڵێم لۆزان بەم جوانییەی! بەم دەریاچە ئەفسووناویییەی و ئەو چیا جوانانەیەوە نابێت ببێتە هۆی هەموو نەهامەتییەکانی کورد! دەبێت هۆیەکی تر هەبێت..
ئەوەی لۆزانی درووستکرد! خودی کورد خۆی بوو، بیرکردنەوەی نەزانانەی کورد خۆی بوو! نەزانیی ئاغا و میر و شێخ و مەلاکانمان بوون! ئێمە نەک ئەو کاتە، ئێستاش نازانین بەتەواوەتی چیمان دەوێت! ئێستاش لە گێژاوی بوون بە نەتەوەداین و لەو بازنە نەفرەتلێکراوەی ئایا سەر بەهۆزێکین یان سەربە نەتەوەیەکین نەهاتووینەتە دەرەوە..
لۆزان چی بکات! شێخی نەمر تا بەیانی لە ئەشکەوتی جاسەنە حەی ئەڵڵای بوو!
لۆزان بڵێت چی! سەرۆک کۆماری کوردستان بە هیچ و خۆڕایی خۆیی ڕادەستی هێزەکانی داگیرکەری ئێران کردەوە!
ئەدی لۆزان چی بکات! کە ئێمە ئێستا یادی ئیمامی خوێن و تاوان لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێر دەکەینەوە و داگیرکەری ئێرانیش بە گوللە تۆپەکانی چاکەی ئەو یادکردنەوەیەمان دەداتەوە!.
لۆزان نەبوو کە وەک هار بەربووینە یەکتری و بۆ ماوەی دەیان ساڵ یەکترمان کوشت!.
لۆزانیش نییە کە وای کردووە ئەنفالی یەکتری بکەین و سوپای ئەم و ئەو بهێنینە سەر یەکتری..
بڕوا بکەن لۆزان گوناهی نییە کە وای کردبێت ناوی وڵاتەکەمانی کردبێتە هەرێم و لە هەر کات و ساتێکدا بەشێکیمان لەکیسدابێت..
ئەوەی کە واهیی پێکردین تەنیا خۆمان بووین! خۆمان و بەس! ئێمە بەو مێژووی هەزاران ساڵەمانەوە جگە لە کۆمەڵێک گرووپی دژبەیەکی لەژێر ناوی میرنشین و هۆز و حیزب و ئیدارە و چی و چی تر.. زۆرتر هیچی تر نەبووین.. هەتا ئەوە بیرکردنەوەمان بێت و هەوڵی خۆناسین و کێشەکانی خۆمان نەدەین و سەیوانێکی بەرژەوەندیی هاوبەشمان نەبێت، نەهامەتی هەر بەردەوامە.. ئەنفال هەر ڕوو دەداتەوە و دیسانیشەوە دەکەوینەوە گیانی یەکتری.. لۆزانی تریش بەڕێوەیە..
03-08-2011
لاهای -هۆڵندا