بە غەیری داغی دڵ، نەقدم هەرچی هەبوو چوو لە بەر پێتا
سەرم مابوو بەسەرگەردی ئەویش کەوتووە لەسەر ڕێتا
لە ڕەسمی عاشقی زەحمەتترە مەعشوقەیی یاران
کە کەس ساتێ بەسەر نابا وەکو لەیلا لەگەڵ شێتا
ئەترسم ڕاحەتت لێ تێکبدەن ئەڕواحی عوششاقت
کە شەو بەو شەوەقەوە غافڵ لە گەردش نین، بە سەر جێتا
ببینێ هەر کەسێ برژانگ و ئەبرۆ و چاوی مەستی تۆ
ئەڵی خوێنڕێژە ئەم مەستە بە ئیستدلالی هەر سێ تا
چ مەخلوق و چ خالق خۆشیان نایە لە بێ جێیی
لە دوو دنیام دەکەی ئەی دڵ بە هاتوچوویی بێ جێتا
بە مشت پێوانەیی دەریایە باسی حوسنی تەنیا مووت
کە ناکەم گەر بخوێنم شاهنامە سەد کەڕەت پێتا
بەسەردی مەیلیا نێزیکە حەمدی گەرمی حیدەت بێ
کە لەرزێکی لە دنیادا نەدیوە هیچ کەسێ بێ تا
پەرتووکی: #دیوانی حەمدی#
هۆزانەوان: #حەمدی ساحێبقڕان# [1][2]