ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی #دەربەندیخان#ی کرد و قەرەبووی 43 خێزانی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزکەی کردەوە، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش ڕایگەیاند بەڵێن دەدەین ئیش لەسەر ئەوە بکەین ئەوانەی خانوویان ڕووخاوە قەرەبوو بکرێنەوە.
دوای دابەشکردنی قەربوو بەسەر 43 خێزانی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزکەی دەربەندیخان دەرباز محەممەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ڕووداوی ڕاگەیاند: دوای بوومەلەرزکەی ساڵی پار، لیژنەیەکمان بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە زیانەکان پێکهێنا، ئەوەبوو فریاگوزاری خێرامان پێشکەشکردن، نەوتمان بەبێ بەرامبەر پێشەکەش کردن، لە چوارچێوەی ئەو سێکتەرانەی کە قەرەبووی ڕاستەوخۆ وەربگرن ئەوانەی کە مەڕوماڵاتیان تیاچووبوو، ئەمڕۆ ئەو خێزانانە نزیکەی 43 خێزانن ئەو قەرەبووەیان وەرگرت، کە نزیکەی 100 ملیۆن دینار بوو، زەرەر و زیانەکانیان بە بڕیک پارە خەمڵێندران، کە 100% نرخی مەڕ و ماڵاتەکانیانە.
دەرباز محەممەد، دەڵێ: بەردەوام دەبین لەگەڵ قایمقامیەت و پارێزگای #سلێمانی# بۆ ئەوەی بتوانین قەرەبووی زیانەکانی دیکە بکەینەوە، ئینشاڵڵا ئەمە ئاخر زیان دەبێت.
سەبارەت بە نەبوونی ناوی ئەوانەی خانووەکانیان زیانی بەرکەوتبوو، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی: کاتی خۆی ئەوەی کە بە داتا بە ئێمە درا، گوتیان 2 هەزار خانوو زەرەری پێگەیشتووە، لە ڕاستیدا قەرەبووکردنەوەی 2 هەزار خانوو لەو کاتەدا لەرووی ماددییەوە تەنانەت لەرووی هەندەسیشەوە کە، هەر خانوویەک چەندی بەردەکەوێت لەوکاتەدا بەردەست نەبوو، بەڵام ئێستا ئیشی لەسەر دەکەین، بەڵێنەکەمان ئەوەیە ئیشی لەسەر بکەین بەلایەنی کەم ئەوانەی زەرەر و زیانیان زۆرە بەشێکی باش لە زەرەر و زیانەکانیان بگێڕینەوە، ئێستا بەڵێن دەدەین کە ئیش لەسەر ئەوە بکەین ئەوانەی خانوویان ڕووخاوە قەرەبوو بکرێنەوە.
سەبارەت بە دۆخی بەنداوی دەربەندیخان و ئەو مەترسییانەی لەسەریەتی، دەرباز محەممەد، گوتی: بەنداوەکە سەلامەتە، بەپێی هەموو ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان بەنداوەکە سەلامەتە، کە ئاوی کەمی تێدایە لەبەر ئەوەیە کاتی خۆی مەترسی لەسەر بوو ئاوەکەی بەردرایەوە، ئێستا دەتوانێت ئاو خەزن بکات، مەسەلەی چاککردنی بەنداوەکەش لە پڕۆژەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانەو دەیکات، واتە شتێک نییە ناوی کێشەی بەنداوەکە بێت کە لەژێر کۆنترۆڵدا نەبێت.[1]
#09-07-2018#