سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەهەرێمی کوردستان، له وەڵامی پرسیارەکانی ئەندامانی پەرلەمان لەبارەی تۆماری دەنگدەران ڕایگەیاند: ئه و داتایەی باس دەکرێ 900 هەزار ناوی دووبارەو مردوو و لەیەک چوو هەیە، کۆتایی هاتووە، هەروەها چەند زانیارییەکی دەربارەی هەڵبژاردنەکان خستەڕوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەندرێن محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی له هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی دەربارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
هەندرێن محەمەد ڕایگەیاند: ئه و داتایەی باس دەکرێ 900 هەزار ناوی دووبارەو مردوو و لەیەک چوو هەیە کۆتایی هاتووە و ئێستا تۆمارێکی نوێ لەبەردەستی کۆمیسیۆن هەیە.
ڕاشیگەیاند: لە 8ی ئایار داوامان لێکرا هەلبژاردن بکەین بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئێستاش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان، ڕەنگە نەکرێت، چونکە دووبارە تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکان و کاندیدەکانی دەوێت بۆ ئەنجومەنی پارێزگا، کە ئەمەش کاتی پێویسته.
هەندرێن وتیشی: چاودێریکردنی چالاکانە بۆ ڕێگیریی لەساختەکاری باشترین کارە، ئەویش دانانی چاودێرە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە، داواش دەکەین هەموان هاوکاربن لەگەڵ کۆمسیۆن.
ناوبراو زانیاری زیاتری خستەڕوو وتی: لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا مۆبایل قەدەغە دەکەین، هەروەها پابەندین بهڕراگەیاندنی ئەنجامی بەرایی لەماوەی 72 کاتژمێردا.
سەبارەت بەدامەزراندنی کارمەندانی کۆمسیۆنیش.، هەندرێن محەمەد وتی:دامەزاردنی کارمەندانی سەر سندوقەکان لەرێگەی فۆرمێکەوە دەبێت، کە پێویستیان به 50 هەزار کەس دەبێت.
لەسەر هەبوونی قەرەباڵغی لە ناوەندەکانی دەنگداندا، وتی: بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە هیچ بنکەیەکدا دوو هەزار کەس زیاتر ناتوانن دەنگبدەن، بۆ بنکەکانی دەنگدانی تایبەتیش لە 2500 کەس زیاتر ناتوانن لە یەک بنکەدا دەنگ بدەن.
لەبارەی کاتی بانگەش سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەهەرێمی کوردستان وتی: دوو پێشنیار هەیه، کە ماوەی بانگەشە 15 ڕۆژ بێت، هەندێکیش دەلێن 25 ڕۆژ، له داهاتوویەکی نزیکدا یەکلای دەکەینەوە، ڕەتیشیکردەوە سوود له کارتی دەنگدانی ئەلیکترۆنی عێراق وەربگرن.[1]
#09-07-2018#