دواڕۆژ، هۆگر کەمال
قایمقامی #سلێمانی#ش ڕایدەگەیەنێت، لەشەش مانگی ڕابردوودا 235 منداڵ بەهۆی سواڵکردنەوە دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی تەمموزی 2018، ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لەدیوانی قایمقامیەت لەگەڵ نوێنەرانی هەریەک لە (داواکاری گشتی، دادوەری نەوجەوانان، یەکێتیی زانایانی ئایینی، ئاسایشی سلێمانی، پۆلیسی نەوجەوانان، ڕێکخراوی منداڵپارێز و چاودێری کۆمەڵایەتی) کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن و دانانی چەند میکانیزمێکی گونجاو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دیاردەی ئیشکردن و سواڵکردن بە منداڵانی نەوجەوان و چۆنێتی کۆنترۆڵکردنی ئه و دیاردەیە.
لەپاش کۆبوونەوەکەش لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی، وتی لەشەش مانگی ڕابردوودا لەلایەن پۆلیسی نەوجەوانان و دادوەری گشتی و منداڵپارێزەوە 235 منداڵ بەهۆی سواڵکردنەوە دەستگیرکراون.
وتیشی بۆ زاڵبون بەسەر ئه و دیاردەیەدا بڕیاردراوە بەهەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەداهاتودا کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدرێت بۆ دانانی بەرنامەیەکی توندوتوڵ و گونجاو کە بتوانێت ڕێگریی بکات لە زۆربونی ئه و دیاردەیە.
ئاوات محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا ئه و منداڵانەی لە فلکە و شەقام و شوێنە گشتییەکاندا سواڵ دەکەن، تەنها ڕێژەی لە 5%یان خەڵکی سلێمانین، ڕێژەی لە 95%یان ئاوارەن و خەڵکی شارەکانی دیکەی عێراقن.[1]
#10-07-2018#