لە مانگی پووشپەڕداین، پلەی گەرما بەرزە، سەرجەم پاوان و دارستانەکانی کوردستان لە ژێر هەڕەشەی سووتاندان، تیمەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەرگریی شارستانی لە ئامادەباشیدان، بەڵام قاسە خاڵییەکەیان ڕێگرە لەوەی بتوانن لە ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر لە پووش و پەڵاش و دارستانەکان، بە کەمترین زیان لێی دەربچین.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە هەشت ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە، یەک ملیۆن و 31 هەزار و 290 دۆنم دارستان و پاوان سووتاون، زۆرترین ڕووبەری سووتاویش لە سێ ساڵی ڕابردوودا تۆمار کراوە کە 559 هەزار و 469 دۆنم بووە و دەکاتە 57%ی تێکڕای ڕووبەڕی سووتاوی هەشت ساڵی ڕابردوو.
حوسێن حەمەکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی دارستان و پاوان و ڕەزگەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێَت: بەهۆی قەیرانی داراییەوە، سێ ساڵە وەک پێویست نەمانتوانیوە ئاگربڕ بۆ دارستان و پاوانەکان دروست بکەین و پاکیان بکەینەوە، ئەمەش زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەی لە دارستان و پاوان زیاتر کردووە.
ئێستاش کە بە وەرزی ئاگرکەوتنەوە دادەنرێ، بە گوتەی حوسێن حەمەکەریم تەنیا لە 2%ی دارستانەکاندا هەڵمەتی پاککردنەوە و ئاگربڕ کراوە. بۆیە دەڵێت: 98%ی دارستان و پاوانەکانی هەرێمی کوردستان مەترسیی سووتانیان لەسەرە، بەتایبەت ئەمساڵ بارانێکی باش باریوە و گژوگیا زۆرە و پلەی گەرماش بەرزە.
ئاگر بە یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر کەمبوونەوە و لەناوچوونی دارستان و تێکچوونی هاوسەنگیی ژینگە لە جیهاندا دادەنرێ، ساڵانە بەملیۆنان هێکتار دارستان لەجیهاندا بەهۆی ئاگرەوە لەنێودەچن.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان و پاوانەکان کردوویەتی، دەرکەوتووە 35%ی ئەو ڕووبەرە دارستان و پاوانەی لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا سووتاون، بەهۆی تۆپبارانی تورکیا و ئێران بووە.
حوسێن حەمەکەریم دەڵێت: هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە زۆرن، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی سێ ساڵی ڕابردوو، بۆمان دەرکەوتووە زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی کەمتەرخەمی، دەستی ئەنقەست و پاشماوەی ئاگری شوان و گەشتیاران و تۆپبارانی ئێران و تورکیا ڕوویانداوە.
بە گوتەی حوسێن حەمەکەریم، ئەو شێوازە کۆنەی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوە پەیڕەو دەکرێ، فراوانیی ڕووبەری دارستانەکان و نەبوونی ڕێگەوبان، مینڕێژکردنی هەندێک لە دارستانەکان و دروستنەکردنی ئاگربڕ، زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەی چەند بەرامبەر کردووە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ پێیوایە پشتگوێخستنی یاساکانی دارستان و جێبەجێنەکردنی بەسەر ئەو کەسانەی بەدەستی ئەنقەست دارستان و پاوانەکان دەسووتێنن، ژمارەی ئاگرکەوتنەوەکان و زیانەکانی زیاتر کردووە و وایکردووە خەڵکانێک بێ ترس بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئاگر لە دارستان و پاوانەکان بەربدەن.
لە ماددەی 22ی یاسای دارستاندا هاتووە هەرکەسێک داری بە تەمەن ببڕێتەوە، یان بە دەستی ئەنقەست ئاگر لە دارستان و پاوان بەربدات، سزاکەی بەندکردنە بۆ ماوەیەک کە لە 6 مانگ کەمتر نەبێت و پێ بژاردنێک کە لە 5 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت.
حوسێن حەمەکەریم دەڵێت: بەداخەوە دادگاکان وەک پێویست ئەم یاسایە جێبەجێ ناکەن و کاتێک کەسێک لەسەر سووتاندنی بەئەنقەستی دارستان دەگیرێت، بە کەفیل تاوانبارەکە بەردەدەن و بەپێی یاسای ژینگەش سزای دەدەن کە سزاکەی زۆر کەمە.
سەمەد محەممەد، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان لەبارەی سووتانی پاوان و دارستانەکان دەڵێت: ئاگر کەوتنەوە جگە لە سووتاندنی دار و گژوگیا و تۆوەکانیان، دەبێتە هۆی لەناوچوونی سەتان جۆر زیندەوەر و باڵندە و ئاژەڵ، تەنانەت گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ژینگەی ناوچەکەدا دروست دەکات و هاوسەنگیی ژینگە تێکدەدات.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، زۆرترین ئاگرکەوتنەوە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای #سلێمانی# تۆمار کراوە، بە جۆرێک لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا 580 هەزار و 380 دۆنم دارستان و پاوانی پارێزگاکە سووتاون کە دەکاتە 56.2%ی کۆی ڕووبەری دارستان و پاوانی سووتاو لە هەشت ساڵی ڕابردوودا.
پارێزگای #هەڵەبجە# ساڵی ڕابردوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی بەخۆوە بینی و بەو هۆیەوە 30 هەزار و 757 دۆنم لە دارستان و پاوانی ئەم پارێزگایە سووتان کە دەکاتە نزیکەی 58%ی کۆی ڕووبەری دارستان و پاوانی سووتاو لە ساڵی ڕابردوودا کە نزیکەی 52 هەزار و 777 دۆنم بوو.
محەممەد مەحموود، بەڕێوەبەری دارستان لە پارێزگای هەڵەبجە بە (رووداو)ی گوت: زۆربەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ساڵی ڕابردوودا لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ کەمتەرخەمی و دەستی ئەنقەست دەگەڕێتەوە، بەشێکیشی بەهۆی تەقەی پاسەوانی سنووری ئێران بووە کە زۆر جار بۆ پاککردنەوەی گژوگیای دەوروبەری خۆیان فیشەک دەنێن بە پاوان و دارستانەکانەکانەوە.
گوتیشی: ئاگرکەوتنەوەکانی ساڵی ڕابردوو زیانی زۆری بە دارستانەکانی پارێزگای هەڵەبجە گەیاندووە، نزیکەی 8 هەزار دۆنم دارستان سووتان، بەداخەوە دارقەزوانەکان بە جۆرێک سووتاون خەڵک ناتوانن کاریان لێبکەن و داهاتیان لێ دەستبکەوێت.
ئەمساڵیش لە پارێزگای هەڵەبجە تا ئێستا چوار جار ئاگرکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 273 دۆنم دارستانی سروشتی و دەستکرد و پاوان سووتاون، بەهۆی کەمیی دروستکردنی ئاگربڕیش مەترسی ئاگرکەوتنەوە لەسەر دارستانەکانی دیکە هەیە.[1]
#11-07-2018#