لە سنوری #کەلار# لە #گەرمیان# ڕێژەی سەوزایی بەپێی پێویست نییە، شارەزایانیش دەڵێن، ئەگەر وا بڕوات لە 15 ساڵی داهاتوودا گەرمیان ژیانی تێدا نامێنێت و دەبێتە بیابان.
لە ئێستادا ڕێژەی سەوزایی لە سنوری شارۆچکەی کەلار لە گەرمیان لە 8% کەمترە، ئەوەش زۆر دوورە لە ستانداری جیهانییەوە، کە پێویستە ڕێژەی سەوزایی لە هەر شار و شارۆچکەیەک لە 25% کەمتر نەبێت.
سیروان ساڵح، جوگرافیناس لە شارۆچکەی کەلار، بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە کرد: بەپێی ستانداردی جیهانیی پێویستە ڕێژەی سەوزایی لە هەر شوێنێک لە سەدا 25 کەمتر نەبێت، بەڵام لە شارۆچکەی کەلار و دەوروبەری لە 8% کەمترە، ئەوەش مەترسیدارە و هۆکاری سەرەکیش خەمساردی حکومەتە.
باس لەوەش دەکات: ئەگەر ڕێژەی سەوزایی زیاد نەکرێت، ئەوا بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە 15ساڵی داهاتوودا گەرمیان دەبێتە ناوچەیەکی بیابانیی و لە وەرزی هاویندا ژیان تیایدا نامێنێت، چونکە پلەکانی گەرما زۆر بەرزدەبێتەوە.
لەلایەکی ترەوە، ئیبراهیم زەریفی، بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی گەرمیان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێمە وەکو ڕێکخراوەکەمان، شانبەشانی بەڕێوبەرایەتی ژینگە و شارەوانی و دارستان و پاوان، زیاتر لە20 هەزار نەماممان چاندووە، بەڵام بەهۆی گڕە و بەرزی پلەی گەرما و کەمی ئاو، 20% ئەو دارانە فەوتاون.
ئەوەشی وت: بۆیە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە کەلار کارێکی زەحمەتە، لایەنی پەیوەندیداریش لە ئاستی وەزیر و وەزارەت، گرنگی بە سنوری گەرمیان نادەن و هەست بەم کارەساتە ژینگەییە ناکەن.
هەر لەو بارەیەوە، دورەید سەلیم، بەڕێوبەری ژینگەی گەرمیان ئەوەی خستەڕوو: ئێمەش هەست بەو مەترسییە دەکەین، هۆکاری سەرەکیش بۆ کەمیی ڕێژەی سەوزایی ئەوەیە، کە پێش قەیرانی دارایی بە چڕی کاری بۆ نەکراوە، هەوڵەکانی ئێمە بەردەوامە و لە ئێستادا لەگەڵ شارەوانی کەلار و سەرۆکایەتی گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان لە دانوستانداین بۆ دیاریکردنی ڕووبەر و دانانی پلان بۆ دروستکردنی پشتێنەی سەوز.
وتیشی: یەکێک لەو پرۆژانەی کە ئێستا دەستمان داوەتێ و کاری لەسەر دەکەین پرۆژەی ئابوری سەوزە، کە نزیکی 720 کارگە و پرۆژەی جۆراوجۆر هەیە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، کە لەلای ئێمە مۆڵەتیان وەرگرتووە، ئێمەش سەپاندوومانە بەسەریاندا هەریەکەیان دەبێت 25% سەوزایی هەبێت لە ڕووبەرەکانیاندا.[1]
#11-07-2018#