کارگەی ڕۆنی زەیتی عەربەت تاوەکو ساڵی 1999 کارگەی دروستکردنی زەیتی گوڵەبەڕۆژە بوو و، دوای 20 ساڵ ڕۆنی زەیتی گوڵەبەڕۆژەی بەرهەمهێنایەوە و ئێستاش بەرهەمەکەی خستووەتە بازاڕەکانەوە.
ماوەی 20 ساڵ بوو کارگەکە لەکارکەوتبوو، بەڵام ئێستا لەرێگەی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە نۆژەنکراوەتەوە و، زەیتی گوڵەبەڕۆژە بەرهەمدەهێنێت.
ئاکۆ غەریب، خاوەنی کارگەی زەیتی عەربەت دەڵێ لە ماوەی هەشت مانگدا کارگەکەمان بەگەڕخستەوە. ئێستا زەیت بەرهەمدێنین و، لە ڕۆژێکدا سێ هەزار بوتڵ ڕۆن بەرهەمدەهێنین. دەتوانین گوڵەبەڕۆژە لە جووتیاران وەربگرین و سوودیش بە خەڵکی ناوچەکە بگەیەنین.
کارگەکە لە یەک کاژێردا سێ هەزار لیتر ڕۆن بەرهەمدەهێنێت. دەتوانێت جگە لە پێداویستی نێوخۆیی، زەیت هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بکات.
عەلی محەممەد، جووتیارە و دڵخۆشە بە کردنەوەی کارگەکە، دەڵێ ئەو کارگەیە بۆ ئێمەی جووتیار سوودی زۆر دەبێت. دەتوانین گوڵەبەڕۆژە بچێنین، دواتر بیدەینە کارگەکە، بۆیە ئێمە دڵخۆشین بەو کارگەیە.
ئەنوەر عەزیز، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێ ئێمە وەکو خەڵکی عەربەت دڵخۆشین بە کردنەوەی ئەو کارگەیە، لە دوو ڕووەوە لێی سوودمەند دەبین: هەم هەلی کار زیاد دەکات، هەم سوودیش بە جووتیاران دەگەیەنێت بۆ ئەوەی گوڵەبەڕۆژە بکەن و بەرهەمەکەیان بەو کارگەیە بفرۆشن.
تاوەکو ئەو کاتەی کارگەکە کراوەبوو، جووتیارانی #شارەزوور# ساڵانە بڕێکی زۆر گوڵەبەڕۆژەیان لە زەوییەکانیاندا دەچاند، بەڵام داخستنی کارگەکە، بەتەواوی بازاڕی لەبەردەم بەرهەمەکانیان تەسک کردەوە، بۆیە ئێستا هیوایەکی دیکەیان بۆ پەیدا بووە، تاوەکو ڕۆژگاری زێڕینی گوڵەبەڕۆژە لە شارەزوور بگەڕێتەوە.[1]
#11-07-2018#