کۆمەڵگای کوردستان بەگشتی و کۆمەڵگای سیاسیی کوردستانی ئێران بەتایبەتی، یەکێک لە قوربانییەکانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران لە دژی کوردستان، لە ساڵی 1358 و لە دادگا چەند چرکەییەکانی سادق خاڵخاڵییەوە دەستی پێ کردووە و هەتا ئێستاش گەورەترین مەترسی لەسەر چالاکانی سیاسیی کوردستانی ئێران هەمان تێرۆریزمی نێودەوڵەتییە کە لە مێتۆدە نەگۆڕەکانی دەسەڵاتی تارانە.
لە ماوەی 4 دەیەی ڕابردوودا لە ڕێگەی جۆراوجۆر لە درێژەی هەمان سیاسەتی تێرۆریزم هەوڵی لەخشتەبردنی کۆمەڵگای کوردستان دراوە و هاوکات بە سەدان کەس لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و سازمانی خەبات و کۆمەڵە و باقی هێز و لایەنە سیاسییەکان کەوتوونەتە بەر شاڵاوی تێرۆری ئاخوندەکانی ئێران و تێرۆری فیزیکی کراون. هەموو ئەو تاوانە نەبەخشراوانە بە بەرچاوی جیهان کراوە و مخابن لە دونیای ساتوسەودای ئابووریدا ئەو جەنایەتانە دیزەبەدەرخۆنە کران و تاوانباران هەتا تاران ئیسکۆرت کران.
لە دەرکەوتەکانی گۆڕینی سیاسەتی ئامریکا لە ڕاست ئێراندا ئاماژەدان بە تێرۆری بەڕێزان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و دوکتور سەعید شەرەفکەندی بە دەستی دەوڵەتی ئێران لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئامریکا بوو، کە ئەوەش دەکرێ وەک بەڵگەیەکی تر لەسەر ئەوەی کە نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران قوربانیی دەستی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لێی بڕوانرێت.
قۆناغی ئێستا لەوانەیە باشترین دەرفەت بێ بۆ زیندووکردنەوەی هەموو کەیسەکانی تێرۆری تێکۆشەرانی سیاسی لە کوردستانی ئێران و بەتایبەتی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و هاورێیانیان و هاوکات پێویستە و زەروورە بۆ بەرەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی، هەموو وڵاتانی بەرپرس لە بەرانبەر ئاسایشی جیهانیدا، بەتایبەتی وڵاتانی ئورووپایی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی تاران و تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ئەو ڕێژیمە بۆ بەرژەوەندیی کورتخایەن نەخەنە پشتگوێ و لەو چوارچێوەشدا بێدەنگی و بێهەڵوێستی هەتا ئێستە دەوڵەتی ئوتریش مەحکووم دەکەین.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران و تێرۆری ڤییەن، تێرۆریزمی دەوڵەتی له دژی کوردستانی ئێران وەک دۆسییەیەکی کراوە سەیر دەکات و ئامادەیە لەگەڵ هەر دادگایەکی بێلایەن هاوکاری بکات، بۆ ئەوەی دۆسییەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی لە دژی کوردستان لەو دادگایەدا تاوتوێ بکرێت و چیتر لە بێدەنگی جیهانیدا کەسایەتی و چالاکانی سیاسیی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران تێرۆر نەکرێن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
20ی پووشپەڕی 1397ی هەتاوی
#11-07-2018#