دواڕۆژ، عیماد جەباری
بەهۆی سەرهەڵدانی #داعش# و دواتر ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە زیانی دوو ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری بە #کەرکووک# گەیشتووە.
ساڵی 2013 دوای ئەوەی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم پەرەیسەند و دواتر شەڕی داعش و قەیرانی دارایی بەرۆکی عێراقی گرت، بەشە بودجەی کەرکووک لەشایستە داراییەکانی پتڕۆدۆلار و پەرەپێدانی هەرێمایەتییەکان بڕدرا، له و کاتەشەوە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار شایستە داراییەکانی کەرکووک لەلای بەغدا کەڵەکەبووە، کە پێناچێت بدرێتەوە.
ئەگەرچی لە سەروبەندی شەڕی داعشدا، هەرێم بەپێی گرێبەستێک نەوتی کەرکووکی ڕەوانەی بەندەری جیهان دەکرد و مانگانەیش بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەکو پتڕۆدۆلار پێیدەبەخشی، بەڵام لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئه و دەرگایەش داخرا و هەناردەی نەوتیش وەستا.
ئەحمەد عەسکەری، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە دواڕۆژی وت، لەساڵی 2013وە بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی نەناردووە وەکو شایستە داراییەکانی پتڕۆدۆلار و پەرەپێدانی هەرێمایەتییەکان کە تاوەکو ئێستا ئەگەر کۆیکەینەوە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار دەبێت.
وتیشی، لە سەروبەندی شەڕی تیرۆر نەوتی کەرکووک لەرێگەی هەرێمەوە ڕەوانە دەکرا و مانگانەیش بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەکو شایستە پتڕۆدۆلار دەدرایە کەرکووک کە له و پارەیەوە پڕۆژە ڕاگیراوەکان خرابونەوەکار، بەڵام دوای 16 ئۆکتۆبەر کە نەوتەکە لەدەستی هەرێم دەرهێنرا تاوەکو ئێستا زیانی 100 ملیۆن دۆلاری بەپارێزگاکە گەیاندووە.
پێدەچێت بێنەوبەردەکان لەسەر نادیاریی داهاتی نەوتی کەرکووک درێژەبکێشن، هەردوو حکوومەتی هەرێم و ناوەندی تۆمەتباردەکرێن به بردنی نەوتی شارەکە و داهاتەکەشی لەلای کەرکووکییەکان بە نادیاری دەمێنێتەوە.
دوای سەرهەڵدانی داعش و داگیرکردنی ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کەرکووک، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەستی بەسەر کێڵگەکانی بای حەسەنی باکوور و بای حەسەنی باشوور و هاڤانادا گرت لە سنووری شارۆچکەی دوبز کە لە سەدا 60ی کێڵگەکانی کەرکووک پێکدەهێنن.
کێڵگەکانی بابەگوڕگوڕ و خەبازە و جەمبووریش لەژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای نەوتی باکووردا مانەوە، تاوەکو لە16ی ئۆکتۆبەر حکومەتی ناوەندی بەڕەکەی لەژێر حکومەتی هەرێم ڕاکێشت، بەوەیش نەوتی کەرکووک کەوتەوە دەستی بەغدا.
جەمال مەولود، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە دواڕۆژی وت، بەشێوەیەکی فەرمی کەرکووک بڕی 55 ملیۆن دۆلار پارەی پتڕۆدۆلاری لەلای حکومەتی عێراقە کە شایستەی دوایین بڕی نەوتی هەناردەکراوی شارەکەیە لەلایەن بەغداوە.
بەهۆی خەرجنەکردنی بودجە لەلایەن بەغداوە، کەرکووک بەدەست نەبونی خزمەتگوزاری و کارەبا و ئاوەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وێڕای ڕاگرتنی دەیان پڕۆژە خزمەتگوزاری کە بەشێکیان نیمچە تەواوکراون.
ئەحمەد عەسکەری لەبارەی پڕۆژەکانەوە وتی تاوەکو ساڵی 2015 نزیکەی 400 پڕۆژەمان بەهۆی ڕەوانەنەکردنی بودجە لەبەغداوە ڕاگیرابوون، بەڵام لەدوای وەرگرتنی بڕی 10 ملیۆن دۆلاری مانگانە لەلایەن هەرێمەوە وەکو پتڕۆدۆلار ژمارەیەکیان کە بەشێکی کەمیان مابو تەواوبکرێن، تەواوکران.
رونشیکردەوە کە بەهۆی دۆخی ئێستای کەرکووکەوە کاری لیژنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا ڕاگیراوە و بەهۆیەوە ئاگاداری پڕۆژە و کاروبارەکانی شارەکە نەماوین.[1]
#12-07-2018#