دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
پرۆسەی تۆماری دەنگدەران لە #هەولێر# دەستیپێکرد و کۆمسیۆنیش ئاشکرایدەکات، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان یەک ملیۆن و 112 هەزار و 348 کەس دەنگ دەدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تەمووزی 2018، ئارام نەجمەدین، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بنکەکانی تۆماری دەنگدەران دەکرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش 76 بنکە بە ڕووی هاوڵاتیان کراونەتەوە و 528 فەرمانبەریش پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران بەڕێوەدەبەن.
وتیشی بۆ تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران 36 بنکە لە ناو سەنتەری شار و 40 بنکەی تریش دەرەوەی شار کراونەتەوە و تەواوی ئاسانکاری بۆ دەنگدەران دەکرێت لەکاتی تۆمار کردنی ناوەکانیان.
ئارام نەجمەدین ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنە سیاسییەکانیش دەتوانن چاودێری تۆماری دەنگدەران بکەن، ئەگەر هاتوو هەر تێبێنی و ڕەخنەیەکیان هەبوو، لە دوای تەواوبوونی تۆماری دەنگدەرانیش لایەنەکان بۆیان نییە هیچ تانەیەک لە پرۆسەکە بدەن، لەبەرئەوەی پێشتر لیستی ناوی تۆماری دەنگدەرانیان پێدراوە پێوستە ئێستا تانە بدەن.
روونیشیکردەوە، بۆ تۆماری دەنگدەران کە تایبەتە بە کۆمسیۆنی هەرێم پشت بەستراوە بە داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی تەندروستی و کۆبۆنی خۆراک، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە یەک ملیۆن 112 هەزار و 348 کەس دەنگ دەدات، ئەوەش لە کاتێکدایە لە دەنگدانی ڕیفراندۆم ژمارەی دەنگدەران کەمبۆتەوە کە پێشتر ملیۆنێک 148 هەزار دەنگدەر بوو.
ئەوەشی خستەڕوو، ئه و بەڵگەنامانەی پێوسیتە دەنگدەر لای بێت کۆبوونی خۆراک، پێناسەی باری شارستانی، ڕەگەزنامەی عێراقی، کارتی نیشتمانی.
داواشی لە هاوڵاتیان کرد، سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانیان و سڕینەوەی ناوی مردووان.
هۆشداریشی دا ئەوانەی مادەی 140یان کردووە، ناویان لە تۆماری دەنگدەران نەماوە و بۆیان نییە دەنگ بدەن.[1]
#12-07-2018#