لە #پێنجوێن# کێڵگەیەکی #قارچک# ڕۆژانە زیاتر لە یەک تۆن و نیو قارچک بەرهەمدێت و دەینێرێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا کارگە نێوخۆییەکان نزیکن لەوەی پێویستی نێوخۆیی قارچک بۆ بازاڕەکان دابین بکەن.
سەروەر کازم، سەرپەرشتیاری بەرهەمهێنان لە کارگەکە دەڵێ ئەو شتەی قارچکی لەسەر دروست دەکەین، کۆمبۆست و تۆوی قارچکە لەگەڵ خۆڵدا، ئەو سێ شتە ئێمە کاری لەسەر دەکەین و بەچەند قۆناخێک تاوەکو ڕۆژی بیستەم، لەرۆژی بیستەمدا هەوای ئازادی پێدەدەین، لەرۆژی 30 بۆ 35 قارچک دروست دەبێت، ئیدی لەو کاتەدا قارچکێکی سرووشتی و تەندروست دەخەینە بازاڕەوە.
کردنەوەی ئەو کارگەیە لە پێنجوێن پەیوەندی بە گونجاوی خاکەکەی و کەشوهەوای ناوچەکەوە هەیە بۆ بەرهەمهێنانی قارچک، ئەوەش وایکردووە ساڵانە قارچکی زیاتر بەرهەمبهێنن.
یادگار عومەر، کرێکاری کێڵگەکە دەڵێ ڕۆژانە دێینە ناو هۆڵەکان و ئەو قارچکانەی دەمانەوێت دەیانچنین، هەموو قوڕ و پیسییەکی لێدەکەینەوە و بەشێوازێکی تەندروست دەیکەینە ناو قاپەکانەوە بۆ ئەوەی ئامادەبێت بۆ خواردن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بوژانەوەی کەرتی کشتووکاڵ، باجی خستووەتە سەر بەرهەمی هاوردەکراو، بەلای جووتیار و خاوەنکارانەوە، ئەوە پاڵپشتیێکی باشە بۆ هاندان و زۆرتربوونی بەرهەمی نێوخۆیی و پێشخستنی کەرتی کشتووکاڵ.
یوسف نامیق، خاوەنی کێڵگەی قارچک دەڵێ ڕۆژانە هەزار و 750 کیلۆگرام قارچک بەرهەمدەهێنین بە کوالێتییەکی باش و لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی، خۆشبەختانە حکومەتی هەرێمی کوردستان، باجێکی گومرگی خستووەتە سەر بەرهەمی قارچکی هاوردەکراو، ئەمەش هاندەرێکی باشە بۆ زیاترکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێنج پرۆژەی بەرهەمهێنانی قارچک مۆڵەتی فەرمییان هەیە، ساڵانە سێ هەزار و 148 تۆن قارچک بەرهەمدەهێنن.[1]
#12-07-2018#