بە شانە هەر شەوێ ئەگریجە دابێنێ کە تا سینە
ئیتر دڵ هەر تەپ و کۆیە دەزانێ وەختی تاسینە
لە سینی و تەشت ئەدا عالەم کە من ئەیدەم لە سینە و سەر
لە خەڵقی وایە ڕۆژگیرانە کەچی داپۆشرا سینە
حەمدی ساحبقران 1875-1936
واتە:
1-یار بە شانە هەر شەوێک پرچی دابهێنێت و بیهێنێتە خوارەوە تا سەر سنگی.
2-ئیتر دڵم دەکەوێتە تەپەتەپ چونکە دەزانێت ئیتر وەختی هەناسە بڕکە و تاساندنێتی.
#تەپوکۆ#
3-خەڵک سینی و تەشت دەکوتن کە گیوێیان لێیە من لە سەر و سنگی خۆم دەدەم لە تاودا
(چونکە جاران وا باو بووە کە ڕۆژ یان مانگ بگیرایە خەڵک تەنەکە و شتیان دەکوتی بە گومانی خۆیان بۆ ئەوەی بەرببێت)
4-لە خەڵک وایە من بۆیە وا دەکەم ڕۆژ گیراوە! بەڵام سینەی یار لە من داپۆشراوە نەک ڕۆژ.
(کەواتە سینەی ئەو وەک ڕۆژ پرشنگ دارە و منیش ئەوەندە بە هێز دەکێشم بە سەروگوێلاکی خۆمدا بەقەدەر ئەوە دەنگی هەیە کە خەڵک لە تەشت و سینی دەدەن بۆ بەربوونی ڕۆژ.)
لێکدانەوە: زریان سەرچناری