ئۆپەراسیۆنی تورکیا و هێزە یارمەتیدەرەکانی، خەڵکێکی زۆری #عەفرین#ی ئاوارە کرد، ماڵباتێکی چوار کەسی زێدی خۆیان لە عەفرین بەجێهێشت و گەیشتنە تورکیا، دواتریش چوونە یۆنان، بەڵام لەو ژیانە ماندوو و بێزارن.
مەحموود مستەفا، کۆچبەری سوورییە، ئەو دەڵێ هەنگاو بۆ دواوە بنێیت وێرانکاری دەبینیت و سەیری پێشەوەت بکەیت مەترسی و ئاستەنگ دەبینیت. هەستەکانمان تەواو جیانەکراوەن.
ئەو کۆچبەرە سوورییە لەگەڵ خێزانەکەی کە لە چوارکەس پێکهاتووە، زێدی خۆیان لە عەفرین جێهێشت و گەیشتنە تورکیا، دواتریش لە ڕووباری ئیڤرۆس پەڕینەوە بۆ یۆنان. ڕێگەکە ئاسان نەبوو و ژیانی ئێستایشیان لە کەمپی دیاڤاتا زەحمەتە، بەڵام مەحموود هێندە دڵی شکاوە، چیدیکە نایەوێت بیر لە ڕۆژانی ڕابردووی بکاتەوە.
مەحموود مستەفا هەروەها دەڵێ شارەکەت، وڵاتەکەت، ئەو شوێنەی تێیدا ژیاویت و گەورە بوویت بە بەرچاوی خۆتەوە وێران بکرێت و بسووتێت، دەستەکانیشت بەسترا بن. ئەو کاتە تەنیا ئومێدی تۆ ئەوەیە: ژیانی خۆت و خانەوادەکەت ڕزگار بکەین. نامەوێت ئەو ڕۆژانەشم بیربێتەوە.
نزیکەی دوو هەزار کۆچبەر لەم کەمپەی یۆناندا دەژین، ئەوە لە کاتێکدایە کەمپەکە تەنیا بۆ هەزار کەس دروستکراوە. سەرەڕای ئەوەش، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیەکی زیاتر کۆچبەر دەگەنە یۆنان و، هەندێکیشیان لەم کەمپە جێگیر دەکرێن.
بەرپرسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە سەرکردەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەکەن، پەلە بکەن لە سەر دابەشکردنی کۆچبەرەکانی یۆنان بە سەر ئەندامەکانی ڕێکخراوەکە.
لیۆ دۆبس، بەرپرس لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ ئێمە لە ئاژانسی کۆچبەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەردەوامین لەسەر ئەو پێشنیازەی: دەبێت ئەو خەڵکەی پێویستییان بە یارمەتییە، بە ڕێگەی یاسایی ئەم وڵاتە جێبێڵن. دەبێت ڕێگەی یاسایی و گواستنەوە و شوێنکردنەوەی زیاتر هەبێت. پێموایە ئەمە باشترین ڕێگەیە.
ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا و هێزە یارمەتیدەرەکانی بۆ سەر عەفرین، لە 20ی کانوونی دووەمی 2018 دەستیپێکرد، ئەوەش بووە هۆی وێرانبوونی چەند شار و شارۆچکە و گوندێکی ئەو هەرێمەی ڕۆژئاوای کوردستان و ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر.[1]
#19-07-2018#