دواڕۆژ، #سامان قوبادی#
بەهۆی بیرلێدانەوە، ئاستی ئاوی ژێرزەوی تادێت کەمتر دەبێتەوە. هەوڵی لایەنە پەیوەندیارەکانیش هەروا بەردەوامە و پێویستیان بە هاوکاریی زیاتری هاووڵاتیان هەیە. لەم ڕاپۆرتەدا بەشێک لە چالاکیەکانی لایەنی پەیوەندیدار و هەروەها هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەویی ڕووندەکەینەوە.
$دەست بەسەر 12 ئامێری بیرهەڵکەندندا گیراوە$
عەباس عەلی بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی پارێزگای #سلێمانی# بە دواڕۆژی ڕاگەیاندبیرلێدان زیادی کردووە بەتایبەت لە وەزری هاویندا کە کەمئاویی ڕوودەدات و خەڵک بیری نایاسای لێدەدەن.
دەربارەی چۆنیەتیی مۆڵەتدان بە هەڵکەندنی بیر، عەباس عەلی وتی بەپێی ڕێنماییەکانی ژمارە 1ی ساڵی 2015 نەبێت مۆڵەت بە هیچ کەسێک نادەین بیر لێبدات چونکە ئێمە لایەنێکی خزمەتگوزاریی زانستیین.
ئەوەیشی بۆ دواڕۆژ ڕوونکردەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی تەموز، دەستیان بەسەر 12 ئامێری بیرهەڵکەندندا گرتووە و ئێستا لای پۆلیسی دارستان و ئاوی ژێرزەوی ڕاگیراون.
$ئاستی ئاو کەمیکردووە بەڵام هێشتا جێی مەترسیی نییە$
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی پارێزگای سلێمانی، باس لە کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی دەکات و دەڵێت لەبەرئەوەی بودجەکەمان کەمی کردووە ناتوانین وەک پێویست چاودێریی ئاوی ژێرزەوی بکەین، بۆیە لەساڵێکدا سێ وەرز پێوانەی ئاو دەکەین، لە مانگی 6 بۆ 7 ناوچە هەیە لە ڕووی زەوییەوە 33 مەتر ئاوەکەی کەمیکردووە، هەیە 18 مەتر کەمیکردووە، بەڵام تائێستا لەئاستی مەترسیدا نین.
سەبارەت بە کاریگەریی هەڵکەندنی بیر و بەفیڕۆدانی ئاو، دەڵێت لەڕاستیدا هەڵکەندنی بیری نایاسایی کاریگەریی هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی، تەنانەت شێوازی بەکارهێنانی ئاوەکەیش دەبێت چاودێری بخرێتە سەر و سەعاتی بۆ دابنرێت، سەرقاڵی ئەوەین ڕێنمایی بۆ دابنێین.
$سزای بیرهەڵکەندنی نایاسایی$
لەبارەی سزای خاوەن بیر و ئامێرەکە، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی دەڵێت بەپێی یاسا خاوەنی بیرەکە دەدرێت بە دادگا و غرامە دەکرێت و بەڵێننامەی پێ پڕدەکرێتەوە، هەروەها خاوەنی ئامێری بیرهەڵکەندنەکەیش دەستگیر دەکرێت و بە کەفالەت ئازاد دەکرێت، بەڵام ئامێرەکە بەپێی مادەی 15ی ڕێنماییەکانی ژمارە 1ی ساڵی 2015 ئەگەر لەکاتی کارکردندا بێت ئەوا دەستی بەسەردادەگیرێت و دەبێتە موڵکی حکومەت و ڕادەستی ئێمە دەکرێت، ئێمەش پارچەپارچەی دەکەین و لە زیادکردنی ئاشکرادا بەشەکانی بەجیا دەفرۆشین، بەمەرجێکیش ئا#سنە#کەی دەفرۆشرێت کە دووبارە نەکرێتەوە بە ئامێر بەڵکو بتوێنرێتەوە.
$هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاو$
دکتۆر هەڵەت ڕەشید مامۆستای زانکۆ، هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاو بۆ دواڕۆژ دەخاتەڕوو و دەڵێت کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی بەهۆی زۆر بەکارهێنان و کەم دابارین و و گۆڕانی شێوازی بارانبارینەوە ڕوودەدات. ئێستا بارانبارین کەمی کردووە، جاران نمە باران دەباری ئێستا بارانی بەخوڕ دەبارێت، بۆیە خێراتر بەسەر زەویدا دەڕوات و کەمتر دەچێتە ناخی زەوی. لەهەمانکاتدا پێکهاتەی زەوییەکە هۆکارە بۆ دروستبوونی خەزانی ئاوەکە لەژێر زەویدا.
هەڵەت ڕەشید هەروەها وتی ئه و بیرانەی بە نایاسایی لێدەدرێن زانستی نین و زۆریش لێ دەدرێن و ڕەچاوی کات ناکرێت بۆیە زۆر مەترسین بۆسەر کەمبوونەوەی ئاو، جگەلەوە ئێمە ئاوی سەر زەویمان هەیە پێویستمان بەوە نییە ئاوی ژێر زەوی بەکاربهێنین.
لەوەڵامی ئه و پرسیارەی کە ئاخۆ لێدانی بیری نەوت کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوییەوە هەیە، هەڵەت وتی هەڵکەندنی بیرە نەوت پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی نییە، چونکە ئه و شوێنەی نەوتی تێدایە، ئاوی ژێرزەوی نییە، ئەمە بنەمایەکی جیۆلۆجییە.
$دەبێتە هاووڵاتیانیش هاوکاربن$
لای خۆیەوە موقەدەم هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ئاوی ژێرزەوی ئەوەی بۆ دواڕۆژ ئاشکراکرد کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی ئامێری بیرهەڵکەندن توندتر بووە.
هێمن وتیشی بێجگە له و ئامێرانەی دەستیان بەسەرداگیراوە، هەر لەمساڵدا 8 خاوەن ئامێری بیرهەڵکەن بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە و ئامێرەکانیان براونەتە دەرەوەی هەرێم. دەربارەی هاوکاریی هاووڵاتیانیش، موقەدەم هێمن ڕایگەیاند دەبێت هاووڵاتیان هاوکاریمان بکەن، چونکە خەڵک هەیە کە دەزانێت دەرچوونی مەفرەزەکان کەمترە، کاتەکە دەقۆزێتەوە بیر لێدەدات. ئێمەش دەبێت لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگادار بکرێینەوە، چونکە ناکرێت لەهەر شوێنە و پۆلیسێک دابنێین.[1]
#19-07-2018#