بەپێی ئامارێک، کە ئەندامێکی ڕێکخراوێکی ژنان وەریگرتووە، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ-دا هێندەی ساڵی 2017 توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان کراوە، بەو پێیەش ئاماری توندوتیژیی بەرامبەر ژنان دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
لەدوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017-ەوە بە فەرمیی هیچ ئامارێکی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان لە پارێزگای #کەرکووک# ڕانەگەیەندراوە، لە کاتێکدا لە ساڵانی پێشووتر پۆلیسی کەرکووک بە هەماهەنگیی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی پارێزگا و نوێنەری ڕێکخراوەکانی ژنان، ئامار ڕادەگەیەندرا.
نێرگز قادر، میدیاکار و ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان، لەڕێگای سەرچاوە تایبەتەکانییەوە لە بنکەکانی پۆلیس و سەرچاوەی دیکەوە، توانیوێتی ئامارێک دەست بخات، کە بەپێی ئامارەکە توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان دوو هێندە زیادییکردووە.
بەپێی ئامارەکە، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 450 حاڵەتی توندوتیژیی تۆمارکراوە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو لە تەواوی ساڵەکەدا 450 حاڵەت تۆمارکراوە.
توندوتیژییەکان دابەش بوون بەسەر حاڵەتەکانی (کوشتن، خۆکوشتن، لێدان، خنکاندن، ناوزڕاندن، دەستدرێژیی، سکاڵا)، کە لەسەر ناپاکیی هاوسەرگیریی زۆرترین سکاڵا کراوە.
نێرگز قادر، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، ساڵی 2018ی بە ساڵێکی پڕ توندوتیژیی بۆ ژنان ناوبرد و خەمساردیی هێزە ئەمنییەکانیشی بە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی توندوتیژییەکان ناوبرد و وتی:ئەم هێزە تازەی، کە لە کەرکووک هەیە شێوازی مامەڵەکردنی بەرامبەر کەیسی ژنان ناڕوونە، پۆلیس بەدواداچوون بۆ کەیسەکان ناکات و بە گرنگی نازانێت.
ئەو ژنە چالاکوانە، بێدەنگی ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕاگرتنی کار و چالاکییەکانیان لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە هۆکارێکی دیکەی هەڵکشانی ئامارەکە لە کەرکووک ناوبرد.
هەر لە بارەی کەیسەکانی ژنانەوە لە دادگای کەرکووک، زینە ئەشرەف، پارێزەرێکی شاری کەرکووک بە ڕۆژنیوزی وت:ئەوەندەی کە ئێمە لە دادگا کار دەکەین کەیسەکانی ژنان زۆربوون لە دادگا و بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سکاڵای ژنان لەسەر ڕەگەزی بەرامبەریان زیادیکردووە.
سەبارەت بە کار و چالاکیی ڕێکخراوەکان-یش، سورد ئەحمەد، بەرپرسی کۆمەڵەی هیوای عێراقی بۆ مافەکانی ژنان و مرۆڤ، بە ڕۆژنیوزی وت:ئێمە بە گوێرەی ئه و ئامارانەی لەبەردەستماندایە کار و چالاکیی خۆمان ئەنجام دەدەین.
نابراو، هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنانی گەڕاندەوە بۆ خراپیی دۆخی ئەمنی و ئابوری عێراق، هەبوونی چەک لە هەموو ماڵێکدا یەکێکە لە هۆکارە بنەڕەتییەکان.[1]
#22-07-2018#