کاریگەرییەکانی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی لە سەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بووەتە مژارێکی سەرەکی نێو بازرگان و خاوەنکارەکانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەوەی ئێران یەکێکە لە وڵاتە هەناردەکارە سەرکییەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئێران، سێ دەروازەی نێودەوڵەتی و 12 دەروازەی لاوەکی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئاڵوگۆڕی ساڵانەی ئەو دەروازانە نزیکەی پێنج بۆ شەش ملیار دۆلارە، ئەمە لەکاتێکدایە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراق 10 ملیار دۆلارە، کە 60%ی لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە.
لە مانگی ئایاری ڕابردوو کۆنفرانسی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە #هەولێر# سازکرا، تێیدا بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاند، دەیانەوێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ 15 ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە، جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هاوبەشیی بازرگانی دروست بکەن.
نەوزاد غەفوور، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی #سلێمانی# بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند ئێران یەکێکە لەو وڵاتە سەرەکییانەی هاوردەی لێوە دەکەین. هەر گۆڕانکارییەک لە بازاڕەکانی ئێران ڕووبدات، کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت. لەبەرئەوەی ئێستا بازاڕی ئێران و نرخی تمەن سەقامگیر نین، ئاڵوگۆڕ کەمبووەتەوە. بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن هەرێمی کوردستان تەنها لەکڕینی شمەک لە ئێران قازانج دەکات. بەشێکی زۆر لەو بازرگانانەی هەرێمی کوردستان کە پارەیان لە ئێران خستووەتەگەڕ، بەهۆی کەمبوونەوەی توانای کڕین زیانیان بەردەکەوێت.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی و ڕاگەیاندنی گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران بە دوو قۆناخ، کە قۆناخی یەکەمی لە 4ی ئابی داهاتوو دەگەڕێنەوە و، تایبەتن بە ئابووریی و مامەڵە داراییەکانی ئێران، قۆناخی دووەمی گەمارۆکانیش لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا دەسەپێندرێن، کە تایبەتن بە کەرتی نەوت و وزەی ئێران. ئەم پێشهاتانە وایانکردووە بەشێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە ئێران بکشێنەوە، لەئەنجامدا بەهای تمەنی ئێرانی دابەزیوە.[1]
#22-07-2018#