دواڕۆژ، نەزیر عەلی
تووتنی گوندی کەرسێ لە شەنگال لەباشترین بەرهەمەکانی تووتنی کوردستانە، بەهۆی وشکەساڵی و کەمئاوییەوە مەترسی لەناوچوونی ئه و بەرهەمە لای جوتیارانی کەرسێ دروستبووە.
گوندی کەرسێ دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای شەنگال لە نێوان قیبلەت و شەماڵەی سەر بە شارەدێی سنۆنێیه، چەند کانیاوێکی سازگاری هەیە، وەک (سەرەکانی) لەبەر ئه و ئاوە جوتیارەکانی ئه و گوندە بەدەیان ساڵە خەریکی چاندنی تووتنن.
شەکر جەلال، لە گوندی کەرسێ بۆ دواڕۆژ وتی لەوەتەی بیرم دێت من کاری تووتن دەکەم، جوتیارەکانی کەرسێ بەدەیان تەن تووتنیان ڕەوانەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و #موسڵ# و تەلەعفەر و شارەکانی دیکەی عێراق دەکرد، بەڵام ئەمساڵ وشکەساڵی کاریگەری زۆر خراپی لەسەر چاندنی تووتن کردووه و بەرهەمەکەی زۆر کەمکردووەتەوە.
ناوبراو وتیشی ئەمساڵیش تووتن-م چاندووە، پێشبینی دەکەم بەرهەمەکەی لەنێوان 150-200 کیلۆ بێت، کە پێش 10 ساڵ بەرهەمی ئه و تووتنەی کە من دەمچاند، زیاتر لە 1000 کیلۆ بووە.
سەبارەت بەجۆر و تایبەتمەندییەکانی تووتنی کەرسێ، شەکر ئاماژەی بەوەکرد سێ جۆر تووتن لە کەرسێ هەیە، تووتنی بەڵۆت کە 5-80 سم بەرزدەبێتەوە، تووتنی گوڵ سور و تووتنی گوڵ زەرهەن، هەموویان لە جۆری زۆرباشن و کاتێک جگەرەکەی دەسوتێ، ڕەنگی سوتووەکەی سپیە، واتە زۆر باشە.
ناوبراو ئاشکرایکرد ضوار ساڵە بە ناچاری بەرهەمی تووتنی خۆیان لەناو شەنگال و دەورووبەری بە نرخێکی زۆر هەرزان لەنێوان 10-20 هەزار دەفرۆشن، بۆیە داوا دەکەن حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ کردنەوەی ڕێگای نێوان شەنگال و #دهۆک# بکەن بۆ ئەوەی بەئاسانی بەرهەمی خۆیان بگەیننە بازاڕەکانی دهۆک و #زاخۆ#.
هاوکات جەعفەر سلێمان، بازرگانی تووتن لە دهۆک بۆ دواڕۆژ وتی 22 ساڵە من کاری بازرگانی تووتن دەکەم لە 2003-2014 تووتنی شەنگال-م دەکڕی و یەک کیلۆ له و تووتنەم بە 25 -70هەزار دیناری عێراقی فرۆشتووە، کە یەکێکە لە تووتنە خۆش و بەتامەکانی کوردستان.
ئه و بازرگانە وتیشی ئێستا بەهۆی دۆخی ئەمنی شەنگال ناتوانين بچينە کەرسێ و تووتن لەجوتیارەکانی ئەوێ بکڕين.
کاتێک ئێمە وەکو تیمی دواڕۆژ لەناو کەرسێ بووین، گوندنشینەکانی کەرسێ گلەیی کەمئاوییان هەبوو و باسی وشکبوونی کانیاوەکانيان کرد کە دوو لە کانییە گرنگەکانی کەرسێ (عەلی بەگ و هارۆنیێ) پێش چەند ساڵێک وشکبوون و ئێستا تەنانەت گرفتی کەمئاویی بۆ خواردنەوەش هەیە.
مەحما خەلیل، قایمقامی پێشووی شەنگال پێشتر بۆ دواڕۆژ وتبووی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گوندەکانی پێویستی بە نزیکەی حةوت ملیار دۆلار هەیە.
خەڵەف میرزا پیاوێکی بەتەمەن، لەسەر دەشتی شەنگال بۆ دواڕۆژ وتی کەس بە هانای گوندی کەرسێ-وة ناچێت، داخێکی گەروەمان هەیە، چونکە بەمشێوەیە چەند ساڵێکی دیکە ئێمە ناتوانین تووتنی کەرسێ بەکاربهێنین، ئاوەکان وشکدەبن، حکومەتی هەرێم و عێراقیش بەهانای گوندەکەوە ناچن کە پێویستە بیری ئیرتیوازیان بۆ لێبدرێت.[1]
#25-07-2018#