زۆربوونی کرێی خزمەتگوزاری لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون, ئەوانەی کە کەرتی تایبەت بە شێوەی وەبەرهێنان جێبەجێی کردوون, لە شوفقە و خانووەکانی شاری #هەولێر#، ناڕەزایەتیيەکی زۆری لە لای هاووڵاتیان دروستکردووە، بەوەی کە سەرەڕای هەزرانبوونی کرێی خانوو, بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو, کەچی هێشتا نرخی خزمەتگوزاری لەناو ئه و پڕۆژانە هەر وەکو خۆی ماوەتەوە, ئەمەش گوشارێکی زۆری لە سەر هاووڵاتیان دروستکردووە.
پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروستکراون، لەلایەن خودی کۆمپانیاکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن، مانگانە بڕێک پارە وەکو خزمەتگوزاری لە نیشتەجێبووانی ناو ئه و پڕۆژانە وەردەگرن, کە لە نێوان 70 تا 400 دۆلاردایە، ئه و بڕە پارە و شێوازی دیاریکردنی, پرسیاری لای هاووڵاتیان درووستکردووە.
بە گوێرەی ڕێنمایيەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر، لە ساڵی 2015دا, بڕیارێک دەرچووە کە هەموو خاوەن پرۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوونی شاری هەولێر, بە بێ جیاوازی, مانگانە تەنها دەتوانن بە بڕی 65 هەزار دینار وەکو کرێی خزمەتگۆزاری لە هاووڵاتیان وەربگرن.
سەبارەت بە نرخی کارەبای مۆلیدەش, بۆ هەر کیلۆ واتێک کارەبا, دەتوانن تەنها 23 سەنت وەربگرن لە هاووڵاتیان و ئەگەر خاوەن پرۆژەکان پارەیەکی زیاتر بۆ کارەبا و خزمەتگوزاری وەربگرن, ئەوا هاووڵاتیان مافیان هەیە داوای یاسايی لە دادگا تۆمار بکەن.
ئه و پارەیەی کە کۆمپانیاکان لە هاوبەشانی وەردەگرن, بریتیە لە پارەی سيکیوریتی، ئاو و ڕووناکی, ڕێڕە و ئەسانسۆر و سەوزاییەکانی ناو پڕۆژەکان.
هەرچی پارەی خاوێنکردنەوەیە, لە ئەستۆی حکوومەت خۆی دایە، نابێت کۆمپانیا پارە وەربگرێت، خزمەتگوزاری ناو پڕۆژەکانیش پێویستە بدرێتە تەندەر, نەک خاوەنی پڕۆژەکە خۆی بیگرێتە ئەستۆ.
بە گوێرەی یاساکانی حکوومەت, هەر خاوەن پرۆژەیەک پێچەوانەی ئه و یاسايانەی کە دانراوە پارە لە هاووڵاتیان وەربگرێت، یەکەم جار به بڕی پێنج ملیۆن دینار سزا دەدرێت, لە قۆناغی دووەمیشدا ئەگەر چاکسازی دروست نەکات, ئەوا بە بەندکردن سزا دەدرێت.
لە نێوان ڕێنماییەکانی حکوومەت و ویستی کۆمپانیاکاندا، هاووڵاتیان چاوەڕێی سوککردنی باری سەرشانیانن له و دۆخە قەیراناویەی ئێستای کوردستان.[1]
#22-07-2018#