نووسەر: ئەحمەد غوڵامی
بابەت: زانستی مرۆیی
چاپ: یەکەم
ساڵی چاپ: 1396 (2017)
کاتێک لە کۆڕ و کۆبوونەوە زانستییەکاندا باسی ئایین دە کرا، بە گشتی دەبیسترا کە ئایین پەیوەستە بە جیهان و ژیانی پێش عەقڵی و پێش مۆدێڕن و لە جیهانی عەقڵیی ئەمڕۆدا کەمتر پێویستیمان بە ئایین ماوە. یەکەم ڕۆشنبیرانی مۆدێڕنیش لە ژێر ناوی ڕۆشنگەری هەر ئەم بۆچوونەیان دەقۆزتەوە؛ بەڵام ئەمڕۆکە بابەتێک کە زۆر بەرچاوە و کۆمەڵناسیی ناچار کردووە بە خۆیدا بچێتەوە و وەرچەرخان بکا، ئەوەیە کە سەرەڕای سەرکەوتوویی زانستی و تکنۆلۆژیکی، هێشتاش ئایین و ئایینداری بەردەوامە و ڕۆژانە چەندین ئایین بەدی دێت و لە زۆربەی شوێنەکاندا ئایین بووەتە بنەمایەک بۆ توندڕەوی و توندوتیژی. ئەمڕۆکە بە ئایدیالۆژیکردنی ئایین، لە چوارچێوەی پارت و بزووتنەوە بنیاتگەرییەکان بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شتێکی باو و ئاساییە. تەواوی ئەم باسانە بووەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵناسی بە شێوازێکی نوێ و بە هێڵێکی تازەترەوە بڕوانێتە ئایین. [1]