دواڕۆژ، #زریان محەمەد#
بۆ مانگی ئابی داهاتوو هاوردەکردنی بەرهەمی پەلەوەر و بەرووبوومی ئاژەڵی لەگەڵ بەرهەمی ناوخۆ هاوسەنگ دەکرێت، ئەمەش بە فەرمی بڕیاری لەسەردراوە.
نازم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە دواڕۆژی وت بە سەرپەرشتی قایمقامی #سلێمانی#، لە دیوانی قایمقامییەت لەگەڵ لیژنەی دیاریکردنی بەرووبومی پەلەوەری و ئاژەڵی پارێزگای سلێمانی کۆبوینەوە بۆ دیاریکردنی ئەو بەرووبومانەی پڕۆتین لە پێکهاتەکەیدا هەیە و ڕۆژانە خواستی هاوڵاتیانی لەسەرە.
راشیگەیاند لەکۆبوونەوەکەدا بریاردرا بەپێی ڕێنماییە ڤێترنەرییەکان و پشکنینی تاقیگەیی بۆ مانگی ئاب ڕێگە بە هاوردەکردنی بەرووبوومی ئاژەڵی بدرێت بۆ پارێزگای سلێمانی بە بڕی 5000 سەر ئاژەڵ و 500 تۆن گۆشتی سور، بەرووبومی پەلەوەریش دیاریکرا، بە بڕی 500 تۆن مریشک، 510 تۆن هێلکە و بەهۆی خواستی زۆری هاوڵاتیانیش ڕێگە دەدرێت بڕی 2400 تۆن بۆ هەریەکە لە مانگەکانی 8 و 9 و 10 هاوردە بکرێت.
بەرپرسەکەی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاماژەی بەوەشدا بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لە بەرهەمی ناوخۆ و بەپێی گۆڕانکاری وەرزەکان و بە لەبەرچاوگرتنی خواستی هاوڵاتیان و پڕکردنەوەی پێویستییەکانی بازاڕ، مانگانە لیژنەی پەلەوەری و بەرووبومی ئاژەڵی بە سەرپەرشتی قائیمقامی سلێمانی و بەپێی لێکۆڵینەوە و داتا و زانیارییەکان بڕیار لەسەر دیاریکردنی بری بەرهەمی هاوردە دەدەن.[1]
#25-07-2018#