دایە گیان، دەمێکە گوێم لە زایەڵەی دەنگت نەبووە! ئەمڕۆ دڵتەنگتر و خەمۆکترم لە دوێنێ، بەڵام بیر لەو ڕۆژە دەکەمەوە ئەگەر ڕۆژێک هەلێک ڕەخسا و گوێم لە دەنگت بوو، چۆن دەتوانم بەرگەی دەنگت بگرم!
پەرێشان و ترساوم لەوەی: گوێم لە دەنگ و گریانت بێت، ئەمرۆژانەی کە هاوڕێی تەمەنی گەنجی و هاوسەری سی و چوار ساڵ تەمەنتیان کوشتوە و خەمێکی قوڵ و جەرگبڕ هەمووی جەستەی داگرتووی، تکایەکم هەیە نەک لە کوڕی خۆت، بەڵکو لە لایەن ئیقباڵەوە وەریبگرێ ئەو ئیقباڵەی چەند ڕۆژی ڕابردوو جەستەی بە فیشەک شەڵاڵی خوێن بوو
دایە گیان، دڵنیا بە ئەگەر لە جێی ئەو فیشەکانە وا لە نیو جەستەی باوکمە، پەتی سێدارە لە ملی من دەبوو باوکم بۆ یەک چرکەش بیری لە تٶڵە نەدەکردەوە. باوکم خەونی دونیایەکی بوو، پڕ بێ لە ئاشتی و ئارامی، بە دوور لە پەتی سێدارە و زیندان و کوشتن!
تۆ باشتر لە هەموو کەسێک دەتناسی: زامەکانی، پێکەنین و گریانی، خەونەکانیت بە هەموو شێوەیەک هەست پێکردبوو، بۆیە دەڵێم: بیر لە تۆڵە کردنەوەی خەیانەتە بە خەونەکانی باوکم.
دایەگیان! دایکی جوان و جەرگ سووتاوم، لەم دەساڵەی وا من دیلم، ئەوانەی وا دەمانناسن دەزانن زیندان و سزای سێدارەیش لە سەر من تەنیا بۆ تۆڵە کردن بوو لە باوکم
بڕوام وایە لە تٶلەی باوکم و بە زیندانی کردنی من ببوو بە برینێکی تاڵ و تفت و لە مێشک و هەناوی، خۆی بوو بە قوربانی ئەم ڕووداوە قورس و گرانە، هیچ کات گوڵی تۆڵە لە دەروونیدا چەکەرەی نەکرد، چوون پێی وابوو ژیان و ئەم دونیا پان و بەرینە بە سێدارە و تۆڵە دەبێ بە جەنگڵستانی خۆف و خاڵی دەبێ لە مانا جوانەکانی ژیان
ئەمێستاکە باوکم نەماوە، لە بەر باوکم و بڕوای بەرزی، وەک کێوێکی سەرکێشی من و ''دیدە''ی خۆشکم بە، ڕێگە مەدە تۆڵە لە دەروونیدا گوڵ بکات، دەبێ باوکم و بڕوای باوکم لە هەناوی '' دیدە''ی خۆشکم بوژێتەوە و بژێتەوە.
بووژانەوەی ڕۆحی باوکم لە دەروونی ''دیدە''دا بێ ئامۆژگاری و ڕێنمایی تۆ مانای نییە.
#زانیار مورادی# زیندانی سیاسی/ زیندانی ڕەجایی شار/ دووشەممە #24-07-2018#
وەرگێران: ئالا هوشیار