ئاژانس- هێمن مامەند
(هەژار و دەستکورت بوو، عاشقی کچێک بوو، چەند جارێک خێزانەکەی داوای کچەکەیان بۆ کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمان هەژار بوون، کچەکەیان پێ نەدان)، ئەمە بەشێک لە چیرۆکی ژیانی عەبدولڕەحمانە لە زاری کەسێکی نزیکییەوە، ئه و یەکێک بوو له و سێ گەنجەی دووشەممە 23ی ئەم مانگە هێرشیان کردە سەر بینای پارێزگای هەولێر.
بەرەبەیانی ڕۆژی 23ی ئەم مانگە، سێ گەنج، دوانیان تەمەن 16 ساڵ و یەکێکیان تەمەنی 18 ساڵی بە ڕەچەڵەک کورد و دانیشتووی شاری هەولێر، چوونە ناو باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و دوای زیاتر لە پێنج کاتژمێر گرژی و تەقەکردن، هەر سێکیان، له لایەن هێزەکانی ئاسایشی شاری هەولێرەوە کوژران، (ئاژانس) لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە چیرۆکی خۆشەویستیی یەکێک له و گەنجانە دەگێڕێتەوە کە له عەشقەوە بۆ کاری توندڕەوی چوو و سەرەنجام مەرگی خۆی لێ کەوتەوە.
عەبدولڕەحمان ڕەحیم قادر حسێن، ئه و گەنجە تەمەن 16 ساڵەیە، وەک لە گرتەی کامێرای چاودێریی باڵەخانەی پارێزگای هەولێر دەرکەوت، شەرواڵ و نەعلێکی لەپێدایە و دەمانچەیەکیشی به دەستەوەیە.
به پێی وتەی کەسێکی نزیک لە خێزانەکەی عەبدولڕەحمان کوڕە گەورەی خێزانەکەیانە و جگە له خۆی دوو برای تریشی هەیە.
عەبدولڕەحمان پێشووتر کوڕێکی هێمن و شەرمن بووە.
کەسە نزیکەکەی خێزانی عەبدولڕەحمان نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بۆ (ئاژانس) وتی: (ساڵێک لەمەوپێش عەبدولڕەحمان عاشقی کچێک بوو و چەند جارێک چوونە داوای کچەکە، بەڵام بە هۆی ئەوەی عەبدولڕەحمان هیچ کارێکی نەبوو، خوێندکار بوو، ئەوانیش کچەکەیان پێ نەدا).
وتیشی: (لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا عەبدولڕەحمان چەند جارێک هەوڵی ئەوەی دا بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام به هۆی نەبوونییەوە نەیتوانی دەربچێت و لە تورکیا دەستگیر دەکرا و دەگەڕایەوە هەولێر).
بنەماڵەی عەبدولڕەحمان خەڵکی قەزای دووزخورماتوون و ماوەی 15 ساڵ زیاترە هاتوونەتە شاری هەولێر و لە گەڕەکی (ئاشتی 2) دادەنیشن و باوکی عەبدولڕەحمان، ناوی ڕەحیم قادر حسێنە؛ پلەی ڕائیدە و له بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژ به ئافرەتان دەوام دەکات.
(هەرگیز عەبدولڕەحمان ڕیشی نەدەهێشتەوە، بەڵام بیست ڕۆژێک لەمەوبەر بینیم ڕیشی بەردابووەوە، بۆیە منیش لە باوکیم پرسی کە عەبدولڕەحمان بۆچی ڕیشی بەرداوەتەوە؟ باوکی وتی، دوای ئەوەی ئه و کچەیان پێ نەدا و نەیتوانی بچێتە ئەورووپا زۆر بێهیوا بووە و تووشی خەموخەفەت بووە و بۆیە ئەم ڕیشەی بەرداوەتەوە، چەند مانگێکیشە هاتوچۆی مزگەوت دەکات)، سەرچاوەکە وای وت.
ڕەحیم قادر حسێن، ئه و سەرچاوەیەی بۆ (ئاژانس) قسەی کرد، وتی: ״ئه و ڕۆژەی لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر کوڕەکەی کوژرا، باوکی ئه و له پڕۆژەیەک بوو لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و هەر لەوێش ئاسایش دەستگیریان کرد״.[1]
#25-07-2018#