لە کۆی 115 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ئیدارەی #گەرمیان# کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیاندا وەستابوو، کارکردن لە 12 پڕۆژەیان بە گوژمەی 30 ملیار دینار دەستیپێکردووەتەوە. یەکێک لە پڕۆژەکان قۆناخی دووەمی جووتسایدکردنی ڕێگای #کەلار#- #سلێمانی#یه.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پارەی بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخانکردووە کە پێش دەستپێکردنی قەیرانی دارایی 60%یان کۆتایی هاتبوون. بەڕێوەبەرانی خۆجێی گەرمیان دەڵێن، لە ڕۆژانی داهاتوو کارکردن لە کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەش دەستپێدەکاتەوە بەڵام بۆ ئەوەی سەرجەم پڕۆژە نیوەچڵەکانیان تەواو بکەن، پێویستیان بە 575 ملیار دینار هەیە.
یونس ئەحمەد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە ڕووداوی ڕاگەیاند: توانیومانە بەشێک لە پارەی پڕۆژەکان، هەمووی نه، چونکە پڕۆژەکان پارەکەیان چەند هێندەی ئه و پارە نەختینەیەیە کە ئێستا دابینکراون بۆ ئەوەی بەشێک لە وەبەرهێنەرەکان دەستبەکار بکەنەوە.
قۆناخی سێیەمی ڕێگای پشتێنەی کەلار، کارکردن تێیدا دەستی پێکردووەتەوە، درێژی ئەم ڕێگایه زیاتر لە 6 کیلۆمەترە، ڕێگای کەلار-#کفری# دەبەستێت بە ڕێگای کەلار-گوڵاڵە و کەلار-#خانەقین#ەوه، گوژمەی پڕۆژەکەش سێ ملیار و 400 ملیۆن دینارە.
ئەکرەم ساڵح بەڕێوەبەری شارەوانی کەلار بە ڕووداوی ڕاگەیاند: سێ پڕۆژەمان کارکردن تێیاندا دەستی پێکردووەتەوە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پڕۆژەکانی دیکەمان وەگەڕ بکەون کە شۆستە و قیرتاوکردن و کۆنکرێتی گەڕەکەکانە.
ئه و پڕۆژانەی وەگەڕ دەخرێنەوە بریتین لە سێکتەرەکانی شارەوانی، پەروەرده، کشتوکاڵ، بەنداو، تەندروستی و کارەبا. ئه و پڕۆژانەش دەستنیشان کراون کە زیاتر لە 60% -ی کارەکانیان پێش قەیرانی دارایی تەواوبوون.
یەکێکی دیکە لە پڕۆژە وەگر کەوتووەکان قۆناخی دووەمی جووتسایدکردنی ڕێگای کەلار-سلێمانییە بەگوژمەی 43 ملیار دینار، حکومەت دەیەوێ بە تەواوکردنی پڕۆژەکە، نازناوی مەرگ لەم ڕێگایە وەربگرێتەوە.
ئەندازیار عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی گەرمیان بە ڕووداوی ڕاگەیاند: پێنج پڕۆژەمان لە بواری جێبەجێکردندان، ڕێگاکانی کەلار- #دەربەندیخان#، کەلار-کفری و هەندێک گوندی دیکه کە کۆی گوژمەی تەواوی پڕۆژەکان 255 ملیار دینار دەبن، ڕێگای کەلار-دەربەندیخان قۆناخی یەکەمی 99% تەواو بووە، ئەوەی دیکەی 7%-ی تەواو بووە، ڕێگای کەلار-رزگاریش تەنیا چینێک قیری ماوە.
قەیرانی دارایی 115 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سێکتەرە جیاجیاکاندا وەستاندووه کە گوژمەی پڕۆژەکان 624 ملیار دینارن، دوای وەگەڕ خستنەوەی 12 پڕۆژەیان 103 پڕۆژەی دیکە بە گوژمەی 575 ملیار و 271 ملیۆن دینار، کارکردن تێیاندا وەستاوە.[1]
#29-07-2018#