خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی خەبات ی کوردستان!
کادر و #پێشمەرگە# قارەمانەکان!
رێبەری وانەبێژی وانەی خۆراگری و ئەخلاق و ڕاستگۆیی جەنابێ مامۆستا شێخ جەلالی هەرگیز نەمر، مامۆستای خەبات و تێکۆشان و دامەزرێنەری سازمانی خەبات ی کوردستان لە 30 پووشپەری 8 ساڵ لەمەوبەر ڕوحی بەرزی بەرەو دوامەنزلگەی هەمیشەی کۆچی کرد و بۆ هەتا هەتایە مالئاوایی لێکردین.
مامۆستا ئەستێرەیەکی پڕشنگدار لەئاسمانی کوردستان بوو کە بە بەرنامە و گووتار و کردەوە یان بوونە هیمای قوربانیدان و تێکۆشان و قیبلەی هیوا و ئاوات و سونبولی خۆراگری و بەرخودان و جێی شانازی و گرینگی پێدانی نەتەوەی زوڵم لێکراوی کورد لە کوردستانی ئێران.
جەنابی مامۆستا مەکۆی مەعریفەت و زانین و تێگەیشتن بوو و ئاوابوونی ئەو خۆرە پڕتیرێژە یەکجار دڵتەزین و زیانبار بوو، بەلام ڕەورەوەی ژیان ناوێستێ و ئەگەر چی مامۆستا بۆ هەمیشە مالئاوایی لێکردین، بەلام هزر و ڕوانگە و هەڵویستەکانی مامۆستا لەناو نەچوون و بە سەدان لاپەرە لە ئەزموونی ژیان و خەباتی بۆ بە جێ هێشتووین. یادی مامۆستا هەمیشە لە دڵماندایە و بیر و ئەندێشە و ڕاسپاردەکانی دەکەینە چۆلەچرا و ڕووناک کەرەوەی ڕێبازی خەباتمان لەپێناو ڕزگاریی نیشتمانی بەندکراومان.
مامۆستا هەر لەسەرەتای لاویەتی دا تێکەڵ بە غەم و ئازارەکانی میللەتەکەی بوو و هەتا دوایین هەناسەکانی لە تێکۆشان و خزمەت بە گەل و نیشتمانی نەویستا. وێستگەکانی ژیانی سیاسی مامۆستای نەمر لە ناو خاوخیزانەکەی دەست پێدەکات و لە ژێر چاودێری و ڕێنوینی باوکێکی قازی و شارەزا لە سیاسەت و دەرد و ئازاری میللەت کەسایەتی بەرێزیان شکڵ دەگرێ و لەتەمەنی 18 ساڵیەوە یەکەمین هەنگاوێ بەکردەیی بۆ خزمەت بە نیشتمان دەهاوێژی و وێرای جەنابی مامۆستا شێخ عیزەدین حسێنی برای و بەهاندانی 2 کەسایەتی شۆرشگیری ناوچەی موکریان پەیوەستی ڕیزەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد دەبێ و سوێندی نەتەوەیی بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمان دەخوا.
لەماوەی ساڵەکانی 1324 تا 1357 بەهۆی زاڵبوونی هەڵ و مەرجی لەرادەبەری سەرکوت و فشاری ڕژیمی پاشایەتی بەشێوەی نەهێنی ئەرکە نەتەوەییەکانی بەجێ دێنێ و داڵدە و پشت و پەنای شۆرشگێران دەبێ و بۆبەرزراگرتنی هەستی نەتەوایەتی لەناوجەماوەر هەڵدەسوورێ و لەوپێناوەدا دەیان جار تووشی مەترسی و لێپێچینەوەی مەئمورانی دەوڵەتی پاشایەتی دەبێتەوە.
ئاکار و هەڵس و کەوت و لێدوانەکانی مامۆستا دەبێتە هۆی ئەوە کە لەنێو خەڵکدا بەسیمایێکی شۆرشگێر و ڕیبَەرێکی لێبراو وخەباتکار بناسرێ و متمانەی جەماوەر لەشارە جیاجیاکانی کوردستان وەدەست بێنێ، هەر بۆیە لە بەرەبەری گەرم بوونی خەبات دژی ڕژیمی شاهەنشاهی، جەنابی مامۆستا سەیید جەلال چالاکیەکانی بەرفراوانتر دەکا و چاونەترسانە و ڕاستەوخۆ دەست دەکا بە دژایەتی ڕژیمی شا و بە ووتارەکانی لەمیتینگەکان و لەبۆنە جیاجیاکان هێرشی سەخت دەکاتە سەر دەسەلاتی شا و ڕژێمە گەندەڵەکەی و کورەی خەبات دژی پێکهاتەی دەسەلاتی دیکتاتۆری گەرمتر دادێنێ و سەرکردایەتی شۆرشی دژی سەڵتەنەتی لەشاری بانە دەگرێتە ئەستۆ و بەهۆی کەسایەتی خۆشەویستی و متمانەی گشتی ئەرکی ڕابەریایەتی جەماوەری دەخریتە ئەستۆ و لەئاکامدا کونترۆڵی شار دەکەوێتە دەستی جەماوەر و شۆرشگێران.
لەدوای هاتنەسەرکاری خومەینی و پێکهاتنی هەیئەتی نوێنەرایەتی کورد و شکل گرتنی ڕێکخراو وحیزبەکان، مامۆستا سەیید جەلال الدین لەوقۆناغەدا خۆی لەناو ڕێکخستنی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین حسێنی براگەورەکەی دەبینێتەوە و وەک ئەندامێکی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین کەلەسەرانسەری کوردستان خاوەن ڕێکخستن بوو، کار دەکا و جەماوەری شارەکانی کوردستان لەهەل و مەرجی کوردستان و داواکانی ئاگادار دەکاتەوە و تەبلیغی کوردایەتی دەکا.
مامۆستا سەیید جەلال کە وەک ڕێبەرێک هەرەکاریگەر لە کوردستان دەردەکەوێ و بەهۆی لێهاتوویی و پشتیوانی و متمانەی لەرادەبەدەری جەماوەریی دەتوانێ کاریگەری زۆر باش دابنێ لەسەر ڕەوتی جولانەوەی کورد، لەوسەردەمە بەمەبەستی ڕێکخراوتر کردن ڕیزەکانی کورد و خستنە ناوچوارچێوەی هەوڵەکانی لەتەشکیلاتێکی مونەزەم و بەفیرۆ نەدانی وزە و پوتانسیلی بەشێکی زۆر لەجەماوەری کوردستان و چەندین فاکتەری دیکە بەرێزیان بیر لەدامەزراندنی ڕێکخراوێکی نەتەوەیی دەکەنەوە و لە ئاکامدا لە 5ی خەرمانانی 1359 دا بەردی بناغەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران دادەمەزرێنێ و و بە وزە و تینێکی تر و لەقاڵبی ڕێکخراوێکی سیاسی و نەتەوەی خەباتی گەلی کوردی بەرەوپێشەوە دەبات.
هەستی لەرادەبەردەری نەتەوەیی لە جەنابێ مامۆستا سنووری هەڵسووران و تێکۆشانی بەرێزیانی لە کوردستانی ئێران دەرباز کرد و گەیاندیە بەشەکانی تری کوردستانیش و بەدەیان جار لەپێناو مەسڵەحەت و قازانجی کوردستانیان و بەتایبەت کوردستانی عێراق خۆی خستە مەترسیەوە. ئەو هەستە لێوانلێو لەنیشتمان خۆشەویستیە ڕوحێکی بوێرانەی لە مامۆستای نەمر گەشە پێدابوو وبەو پەری سەربەرزییەوە خزمەتی بەگەل و نیشتمان و نەتەوەکەی کرد.
سەداقەت و ڕاستگۆیی لە تایبەتمەندییە دیارەکانی مامۆستا بوو و ئەو تایبەتەمەندییە سێبەری بەسەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی سیاسی مامۆستا دا کشاندبوو و لە حەقیقەتدا چەندە پێویستە ڕێبەرانمان بە زانست و مەعریفە و ئەزموون تەیاربن زیاتر لەوە پێویستە خاوەن ئەخلاق و ڕەوشتی بەرز بن و ئەگەر بانگەوازی ڕەواترین خەبات و باشترین سیستەمی حوکمرانیی بکەی کاتێک ڕەوشتی بەرز و ڕاستگۆیی بوونی نەبی، هەوڵەکان تەنیا لە چوارچێوەی شوعار و وتە دا خۆی دەبینیتەوە. پێناسەی ماموستا بۆ کاری سیاسی و خەبات بریتی بوو لە سەداقەت و ڕاستگۆیی و لێبراویی و فیداکاری و خۆنەویستی و هەست بە بەرپرسایەتی. ماموستای نەمرمان هەرلەسەرەتای تێکەڵبوون بەکاروباری سیاسی بەو تێروانینەوە دەستی پێکرد و هەر بەو تیروانینەش ماڵئاوایی لە ڕێزی خەباتکاران و کاری سیاسی کرد.
کۆمەلانی خەڵکی کوردستان!
ئەندام و لایەنگرانی سازمانی خەبات!
مامۆستای نەمر یەکێک لەو کەسایەتی و ڕێبەرە کاریزمایانە بوو کە هەموو هەولێکی بۆ وەسەریەکخستنەوەی توانای هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورستان بوو و ڕووخانی دەسەڵاتی ئاخوندان و شادبوونەوە بە وەڵاتی ئازیز گەورەرترین خەونی بەرێزیان بوو و لە پێناوەشدا لە سەرجەم نووسین و وتەکانی دا ئەو ڕاستیە ڕەنگدانەوەی هەیە و بیرکردنەوە و بەرنامەی سیاسی جەنابی مامۆستا بۆ ئیدارە و چۆنیەتی کارکردنی هیز و جەریانە سیاسیەکان لە وتەکانی لە دوایین کۆنگرەی سازمانی خەبات ی کوردستان بە جوانی ئاماژەی پێدراوە و باس لەوە دەکات کە گەورەترین خەباتی ئێمە خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاری ئەو میللەتەیە و لە پاش ئازادبوونی نیشتمان لە پارلەماندا هەر جەریانێکی سیاسی بە پێی پانتایی پێگەی سیاسی خوی درێژ بە هەوڵ و چالاکی خوی دەدات و دەفەرمووێ ئەو کوردستانە ئی هەموومانە و هەمومان تێدا دەژین و باشترین جۆری موبارزە خەباتێکە کە هەموو تاکەکانی کوردستان بە ئی خوی بزانن و بەشدار بن تێیدا.
مامۆستای نەمر دنیاێک ئەزموون و ڕاسپاردەی دروست و شیاوی بۆ بەجێ هیشتووین کە جێبەجێ کردنی ئەو ڕاسپاردە و ئەزموونانە بۆ گەیاندنی کەشتی خەبات و تێکۆشانی میللەتەکەمان بە کەناری ئارامی و تەناهی تەواوە.
ئەرک و زەرورە لە سەر ڕێبواری ڕێگەی جەنابی مامۆستا کە ژیان و بەسەرهاتی مامۆستای ڕێبەرمان بکەنە وانەی ژیان و ئەزمونەکانی بکەنە چۆڵەچرای ڕووناککەرەوەی ڕێگەی خەبات و تێکۆشان و لە هەلسوورانی هەمەلایەنە بۆ سەرخستن و پێش خستنی یادگارەکەی مامۆستای هەمیشە لە یاد، قوتابخانەی نیشتمانپەرەوەری و فیداکاری خەبات هەموو هەولێک وەسەر یەک بخەن.
لە یادی هەشتەمین ساڵی کۆچی دوایی جەنابی مامۆستا سەیید جەلال حسێنی درود و سلاو دەنیرَین بۆ ڕوحی پاک و بەرزی ڕێبەری پایەبەرز و هەمیشەییمان و لەم بۆنەدا پەیمان وەفاداری بە ڕوحی بەرێزیان و سەرجەم شەهیدان دووپات دەکەینەوە کە تا دوایین هەناسەمان ڕێبواری ڕێگەیان بێن و لە پێناو ئازادی و سەربەستی میللەتەکەمان لە تێکۆشان دابین.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
30ی پووشپەری 1397
#21-07-2018#