بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەشتوگوزارییەکان دەڵێن ساڵانە لە وەرزی گەشتکردندا نزیکەی 45 تاوەکو 55 هەزار گەشتیار لەڕێگەی گروپە گەشتیارییەکان و ڕێگای دیکەوە لە کوردستانەوە گەشت دەکەن بۆ دەرەوە، نیوەی ئەو گەشتیارانەش ڕوو لە تورکیا دەکەن.
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتوگوزارییەکان، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 500 کۆمپانیای گەشتیاری هەن، 100 لەو کۆمپانیایانە مۆڵەتی دەستەی گەشتوگوزاریان هەیە، ئەوانی دیکە تەنیا مۆڵەتی تۆماری کۆمپانیاکانیان هەیە، هەندێک لەو کۆمپانیایانە گەشتیار لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتانی تورکیا، میسر، لوبنان، تونس، مالیزیا، ئازەربایجان، ئەرمینیا و وڵاتێکی دیکە دەبەن.
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فلای میران، بۆ فڕۆکەوانی و گەشتوگوزار، دەڵێت لە وەرزی گەشتیاریدا کە لە مانگی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئەیلول، هەفتانە لەڕێگەی پاکێجە گەشتیارییەکانی کۆمپانیاکانەوە 2000 تاوەکو 2500 کەس گەشت دەکەن، کە بەتێکڕا ساڵانە تەنیا لە وەرزی گەشتیاریدا ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 10 هەزار گەشتیار.
بە گوتەی لاوەند مەموندی، لە دەرەوەی پاکێجە گەشتیارییەکانیش، خەڵکێکی زۆر خۆیان ڤیزا وەردەگرن و بە هێڵەکان یان بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشتی ئێران و تورکیا دەکەن کە بەپێی بەدواداچوونی ئەوان ساڵانە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 7 بۆ 8 هەزار گەشیار. لاوەند دەڵێت ساڵانە نزیکەی 45 تاوەکو 55 هەزار گەشتیار لە هەرێمی کوردستانەوە گەشت دەکەن.
سەبارەت بەو وڵاتانەی زۆرترین گەشتیاری کورد ڕوویان تێدەکەن، لاوەند گوتی: نزیکەی 50% ی ئەو گەشتیارانەی لە وەرزی گەشتیاریدا لەڕێگەی گرووپەوە گەشت دەکەن، ئاڕاستەی گەشتەکانیان ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی تورکیایە، بەدوای ئەویشدا میسر و مالیزیا بەپلەی دووەم و سێیەم دێن. پاشان لوبنان، ئازەربێجان، ئەرمینیا، سەنگاپورە و تونس.
نرخی بلیتی تورکیا 55% گران بووە
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق ئێوارەی ڕۆژی 29ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو گەشتە نێودەوڵەتییەکانی بەڕووی هەردوو فڕۆکەخانەی #هەولێر# و #سلێمانی# داخست.
پاش نزیکەی 6 مانگ لەو بڕیارە، ڕۆژی 15ی ئاداری ئەمساڵ حکومەتی عێراق گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەکانی هەڵگرت، بەڵام بە هۆکاری سیاسی تا ئێستا گەشتی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی تورکیا بۆ سلێمانی دەستی پێنەکردووەتەوە و ژمارەی گەشتەکانی تورکیاش بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر سنووردارن.
بڕوا سەعید قادر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای مون لاین بۆ فڕۆکەوانیی گەشتوگوزار کە کۆمپانیاکەی کاری فرۆشتنی پلیت و ڕێکخستنی گروپی گەشتیاری بۆ وڵاتانی تورکیا و مالیزیا و میسر و لوبنان و سەنگاپورە دەکات، دەڵێت: بەهۆی ڕاگرتنی 21 گەشتی هەفتانەی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ سلێمانی و کەمکردنەوەی گەشتی هەفتانەی کۆمپانیا تورکییەکان لە 63 گەشتەوە بۆ 40 گەشت بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر و گەشتکردنی خەڵکی پارێزگاکانی مووسڵ و سلێمانی و #کەرکووک# لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی تورکیا، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نرخی بلیتی فڕۆکە بۆ تورکیا نزیکەی 55% بەرزبووەتەوە.
بڕوا سەعید نموونە بە نرخی گەشت بۆ ئیستانبوڵ دێنێتەوە و دەڵێت: ساڵی ڕابردوو نرخی چوون و هاتن بۆ ئیستانبوڵ بەهۆی کێبڕکێ و پاکێجی کۆمپانیاکان نزیکەی 380 تاوەکو 420 دۆلار بوو، ئێستا نرخی بلیت لەنێوان 900 تاوەکو 1000 دۆلاردایە.
بڕوا سەعید دەڵێت لەبنەڕەتدا نرخی گەشتی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان بۆ تورکیا لە 400 دۆلارەوە دەستپێدەکات، بەڵام کاتێک خواست زیاد دەبێت، هێڵەکان وردە وردە نرخ بەرز دەکەنەوە. بڕوا سەعید لەو باوەڕەدایە نرخی گەشت بۆ تورکیا لە جەژندا گرانتریش بێ، بۆیە لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە کڕینی کورسیی فڕۆکەکان. بڕوا دەڵێت نرخی کڕینی پێشوەختەی کورسیش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی 40% بەرزبووەتەوە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بلیت پاڵەپەستۆیەکی زۆر لەسەر گروپە گەشتیارییەکان بۆ تورکیا هەیە، بڕوا نموونە بە کۆمپانیاکەی دێنێتەوە و دەڵێت: بۆ وەرزی گەشتیاری ئەمساڵ ڕۆژانە 40 کورسیمان لە کۆمپانیای ئەتڵەس گڵۆباڵ بۆ ئیستانبوڵ کڕیبوو، بەهۆی زۆریی خواست تا 30ی ئاب کورسییەکانمان فرۆشراوە، ئێستا هەندێ کورسیی دیکەمان کڕیوە بە 100 دۆلار زیاتر لە نرخی پێشوو، بۆیە لە 10ی ئابەوە نرخی گەشتی گروپە گەشتیارییەکان بۆ تورکیا لەوانەیە بۆ 850 دۆلار بەرزبێتەوە.
کۆمپانیاکەی بڕوا سەعید هەفتانە لەڕێگەی گروپی گەشتیارییەوە 1370 گەشتیار دەبات بۆ تورکیا، میسر، مالیزیا، سەنگاپورە، لوبنان، ئازەربێجان و تونس و چەند وڵاتێکی دیکە کە مانگانە دەکاتە 5 هەزار و 480 گەشتیار، بۆیە پێشبینی دەکات مانگانە لە وەرزی گەشتیاریدا 10 تاوەکو 12 هەزار گەشتیار تەنیا لەڕێگەی پاکێجە گەشتیارییەکانەوە گەشت بکەن، بڕوا دەڵێت: تێچووی گەشتی هیچ گەشتیارێک لە هەزار دۆلار کەمتر نییە. بەو پێیە بێ مانگانە تەنیا 10 ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی گروپە گەشتیارییەکانەوە دەچێتە دەرەوە.
کۆمپانیای دریم هۆڵیدەی، ماوەی 9 ساڵە دامەزراوە، گروپی گەشتیاری بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی تورکیا و میسر دەبات، ئەمساڵ ژمارەی گەشتیارەکانی 22% زیادی کردووە.
ئالان ئاکرەیی، بەڕٍێوەبەری کۆمپانیای دریم هۆڵیدەی، دەڵێت: بەهۆی ڕاگرتنی گەشتی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سلێمانی و وەستانی گەشتی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی زاگرۆس جێت و کەمکردنەوەی گەشتی هەفتانەی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی تورکیا و هەروەها گەشتکردنی خەڵکی پارێزگاکانی مووسڵ و سلێمانی و کەرکووک لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر، نرخی پلیت بۆ تورکیا زۆر زیادی کردووە، بۆیە نرخی هەفتەیەک گەشت لە ڕێگەی گروپەوە بۆ ئیستانبوڵ و ئەنتاڵیا لە 550 دۆلارەوە بۆ 750 دۆلار بەرزبووەتەوە.[1]
#30-07-2018#