دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
سەرۆکی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی لیژنەی بازرگانیکردن بەمرۆڤ ڕایدەگەیەنێت ساڵی ڕابردوو 159 کەس و کۆمپانیا لەسەر بازرگانیکردن بەمرۆڤ سزادراون، دەشڵێت لەشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 21 کەس و کۆمپانیا بە هەمان شێوە دەستگیرکراون و سزادراون.
فەرمان محەمەد، سەرۆکی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە #وەزارەتی ناوخۆ#ی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ساڵی ڕابردوو لەسنوری پارێزگای #هەولێر# 159 کەس و کۆمپانیا لەسەر کێشەی بازرگانیکردن بەمرۆڤ دەستگیرکراون و سزای دارایی و یاساییان وەرگرتووه.
وتیشی ئەوانەی ساڵی ڕابردوو له و کەیسە تێوەگڵاون 58 کۆمپانیا و کەس بوون و 101 کەسی دیکەش لەسەر کێشەی جۆراوجۆری بازرگانیکردن بەمرۆڤ دەستگیر کراون لەوانە 10 کەسیان لەسەر کڕین و فرۆشتنی بەشەکانی جەستەی مرۆڤ بووە.
فەرمان محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2018دا 21 کەس و کۆمپانیا لەسەر بازرگانیکردن بەمرۆڤ دەستگیر کراون و سزای کارگێڕی دراون کە بە بەراورد بەساڵی ڕابردوو ڕێژەکە زۆر کەمی کردووە، چونکە دوای ئەوەی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بەمرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ لە ناوەڕاستی ساڵی 2016 دامەزرا خەڵکێکی زۆر سزا دران کە ئەمە وایکردووە کەیسەکانی بازرگانی بەمرۆڤ کەمبێتەوه.
لەبارەی جۆرەکانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستەڕوو، لە هەرێمی کوردستان سێ جۆری هەیە لەوانە بردنی خەڵک بۆ ئەوروپا بە ڕێگای قاچاغ لەپێناو بەدەستهێنانی پاره و دواتر فێڵ لێکردنیان، جۆرێکی تر بازرگانیکردن کڕین و فرۆشتنی بەشەکانی جەستەی مرۆڤە کە خەڵکانێک پارەی پێ پەیدا دەکەن، هەروەها جۆری سێیەمیشیان ئه و کەس و کۆمپانیایانەن کە کرێکاری بیانی دەهێننە هەولێر و مافەکانیان پێشێلدەکەن و دەستدرێژی سێکسییان دەکرێتە سەر.[1]
#31-07-2018#