لە هەرێمی کوردستان هەزاران کەس بەهۆی هەژاری و بێکارییەوە لەناو زبڵخانەکاندا دەگەڕێن و کەلوپەلی ژیانیانی تێدا دەدۆزنەوە، قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ڕۆژانە دەیان هاوڵاتی ڕوودەکەنە زبڵخانەی تانجەرۆی #سلێمانی# بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان.
ژینگەی جیهان ڕوو لە لەناوچوونە، نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە بڵاودەبنەوە، لەو نێوانەدا دۆخی هەرێمی کوردستان خراپتریشە، ئەوەش جگە لەوەی کە ڕۆژانە تۆپخانەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران و تورکیا دارستان و چیاکان بۆردومان دەکەن و ئاگریان تێبەردەدەن.
لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ کۆنتڕۆڵ زبڵ کۆدەبێتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگە و هەوا.
شاری سلێمانی کە بە پایتەختی ڕۆشنبیری دەناسرێت، ئێستا لە دۆخێکی خراپ دایە، زبڵەکانی شاری سلێمانی لە زبڵخانەی تانجەرۆ کۆدەکرێنەوە، ڕۆژانە هەزاران تۆن زبڵ فڕێدەدرێتە ئەو زبڵخانەیە، ئەو زبڵانەش یان دەنێژرێن یان دەسووتێدرێن، کە لە هەر دوو حاڵەتدا ژینگە پیس دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە هەژاری و بێکاری سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ناچاردەبن بچنە زبڵخانەکان، دەست بخەنە ناو زبڵەکانەوە و بۆ بژێوی ژیانیان بگەڕێن.
ئەوەش کاریگەری زۆر خراپ دەکاتە سەر تەندروستییان، ئەو هاوڵاتیانە بۆ پەیداکردنی نانێک بۆ منداڵەکانیان ناچارن بەو شێوەیە ژیانیان بخەنە مەترسییەوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو دیاردەیە ئەوەیە، کە زبڵ بەبێ کۆنتڕۆڵ فڕێدەدرێت و هیچ چاودێڕییەکی بەسەردا ناکرێت.
هەژاری و بێکاری لە هەرێمی کوردستان بووتە هۆکاری ئەوەش، کە هاوڵاتیان ناچار بە بەجێهێشتنی نیشتمان بن، تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2018دا 23 هەزار و 710 هاوڵاتی باشوری کوردستانیان بەجێهێشتووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەو دیاردەیە کەمتەرخەمە و تا ئێستا بیری لە هیچ چارەسەرییەک نەکردووەتەوە و هەموو شتەکان پەیوەست دەکات بە قەیرانی ئابوری، بێ ئاگا لەوەی کە خۆی هۆکاری ئەو قەیرانە ئابورییانەیە نەک هاوڵاتیان.[1]
#31-07-2018#