دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ دوا وادە بوو بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، دەڵێت بڕی 30 ملیار دینار پارەی جوتیاران لای حکومەتی عێراقیی ماوە.
بەختیار عیزەت، بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق سێشەممە 31/7/2018 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند دوای ئەوەی چەندجارێک وادەی وەرگرتنی گەنممان لە جوتیارانی سنوری پارێزگای #هەڵەبجە# و قەزاکانی سەیدسادق و #شارەزوور#و #پێنجوێن# درێژکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە دوا وادە بوو بۆ وەرگرتنی گەنم و کۆتاییمان بە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم هێنا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرەتای وەرزی وەرگرتنی گەنم تا ئەمڕۆ 31/7/2018 بڕی 23 هەزار و 800 تۆن گەنممان لە جوتیارانی سنورەکە وەرگرتووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ڕابردوودا تەنها چوار هەزار تۆن گەنممان وەرگرت بوو، بەڵام ئەمساڵ گەنمی جوتیارانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەشمان وەرگرت، چونکە بنکەی وەرگرتنی گەنم لە هەڵەبجە نەکرایەوە و جوتیاران ناچار گەنمەکانیان هێنا بۆ سایلۆی سەیدسادق.
بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق ئەوەشی وت بڕی ئەو پارەیەی کە تا ئێستا لای حکومەتی عێراقی ماوە دەگاتە 30 ملیار دینار، کە پارەی گەنمی ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016ن هاوکات بەڵێنیش دراوە لە زووترین کاتدا پارەی گەنمی ساڵی 2018 بەسەر جوتیاراندا دابەشبکرێت، بەڵام هێشتا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە.[1]
#31-07-2018#