گەمارۆ ئابورییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ڕۆژی 6ی ئاب دەستپێدەکات، هێشتا ئەو گەمارۆیانە دەستیان پێنەکردووە، تمەن گەیشتووەتە نزمترین نرخی خۆی لە مێژوودا و دۆخی ئابوری ئێران لە ناجێگریترین حاڵەتیدایە.
چەند ڕۆژ پێش ئێستا هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێڕان بە زیاتر لە 10 هەزار تمەن مامەڵەی پێکرا، هەرچەند بانکی ناوەندیی ئێران ئەو دابەزینە سەرسووڕهێنەرەی بەهای تمەنی بە دابڕاو لە دۆخی ئابوری ئێران زانی و ڕایگەیاند، کە پیلانگێڕی دوژمنە، بەڵام خەڵک دەڵێن، دوژمن وا لێرە لە پەنا گوێمانە و ئەنجامی سیاسەتە دەسەڵاتخوازەکانی حکومەتە.
هەفتەیەکی دیکە گەمارۆ ئابورییە تازەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران دەستپێدەکات، ئەوەش نەک کاریگەری دەکاتە سەر ڕێژەی هەڵئاوسان لە ئێران دا و توانای کڕینی کاڵا لەلایەن چینی خوارەوەی کۆمەڵگا وهەژارەکان کەم دەکاتەوە، کاریگەری دەکاتە سەر سەرمایەدارانی ئێرانی و ئاستەنگییان دەکات بۆ هەناردە و هاوردەکردنی کاڵا پێویستەکان بۆ بەرهەمهێنان و بەکارهێنان.
ژمارەیەک لەو گەمارۆیانەی وابڕیارە ئەمریکا لە دژی ئێران جێبەجێیان بکات بریتین لە:
بایکۆتی کڕین و فرۆشتنی دراو لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە
بایکۆتی کڕین و فرۆشتنی ئاڵتون لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە
بایکۆتی هاوردەکردنی ئەلەمینیۆم، ئاسن و خەڵوزی بەردین بۆ بەکارهێنان لە پیشەسازییە بنەڕەتییەکانی ئێراندا
بایکۆتی هەموو ئەو ئەکاونتە بانکییانەی بە تمەن لە بانکەکانی دەرەوەی وڵات کراونەتەوە
بایکۆتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلسازیی ئێران
بایکۆتی هەناردەکردنی فەرش و مادەی خۆراکی بۆ دەرەوەی وڵات
بایکۆتی چالاکییە بەندەرییەکان و دەریاگەڕی و پیشەسازیی کەشتی سازی
بایکۆتی هەموو جۆرە ماماڵەیەک لەگەڵ بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران
بایکۆتی بانکی ناوەندیی ئێران
هاوڵاتیانی ئێران، هەر لە ئێستادا بەبێ جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆ ئابورییانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەی داهاتیان بە خەرجی ژیانیان کەمتردەبێتەوە، لە بەرامبەردا ناڕەزاییەکان لەدژی ئەو دۆخە پەرەی سەندووەتەوە، ڕۆژانە لە کارگەکان مانگرتن لە کارکردن ڕادەگەیەندرێت و پێدەچێت بە جێبەجێکردنی ئەو بایکۆتە بەملیۆن کرێکار کارەکانیان لە دەست بدەن.
لەلایەکی دیکەوە کارمەندانی دەوڵەتیش ناڕازین بەرامبەر بەو موچەیەی دەیاندرێتێ، حەسەن ڕۆحانی چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە وەڵامی ئەو ناڕەزاییانەی کارمەندانی دەوڵەتدا وتی، کە ئەوەی حەزناکات بەو موچەیەوە کار بکات، بفەرمێت وازبێنێت لە کارکردن بۆ دەوڵەت.
ئەوەش نەک تەنیا دڵخۆشکەر نییە بۆ کارمەندانی دەوڵەت، بەڵکو ئەگەری دابڕانیان زیاتردەکات.
بەو شێوەیە، ئەگەر حکومەتی ئێران لە ناڕەزاییەکانی ساڵی 2009دا پشتی بە چینی خوارەوەی کۆمەڵگا لەدژی ناڕەزاییەکانی چینی بورژوازی بەست و ئەو ناڕەزاییانەی سەرکوت کرد، ئێستاکە پێشەنگیی ناڕازییەکان لەلایەن ئەو چینە هەژارەی کۆمەڵگاوە ڕادەگەیەندرێت، لەلایەکی دیکەوە ئەگەر حکومەتی ڕۆحانی تا ئێستا بە سیاسەتە لیبرالەکانی توانیبووی پشتگیریی سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت بۆخۆی ڕابکێشێت، لەدوای ئەو گەمارۆ ئابورییانەوە هەموو ئەو پشتگیرییانە لە دەست دەدات، دووکانداران و کاسبکارانیش لە ماوەیەک پێش ئێستاوە ناڕەزاییەکانیان بە مانگرتن دەستپێکردووە، هاوکات کارمەندانی دەوڵەتیش لە لێوارەکانی دابڕان لە دەوڵەتن، هاتووچۆ و گواستنەوەش تووشی قەیرانی جدییە و شەپۆلێکی نوێی مانگرتنیان دەستپێکردووە.
هەمووی ئەوانە و لەلایەکی دیکەوە ناڕەزایە سیاسییەکان پێمان دەڵێن، کە ناڕەزاییەکان بەرامبەر بە حکومەتی ئێران سنووری پێکهاتەکان و چینەکانی تێپەڕاندووە و بووە بە ناڕەزاییەکی سەرتاسەری.[1]
#31-07-2018#