دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
دەستەی دەستپاکی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ 125 دۆسیەی گەندەڵی تۆمارکراوە و 59 دۆسیە لەوانە ڕەوانەی بەردەم دادگاکان کراون، دەڵێت 400 ملیار دیناریش لە #هەولێر# بۆ خەزێنەی گشتی گەڕێنراوەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 31ی تەمموزی 2018، ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 125 دۆسیەی گەندەڵی تۆمار کراون ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە و بەرزترە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕاِبردوو، لەو ژمارەیەش 59 دۆسیە ڕوانەی دادگاکان کراون، لەوانە 28 هەولێر، 13 #سلێمانی#، 18 #دهۆک# و تائێستاش 112 دۆسیەی دەستەی دەستپاکی لە بەردەم دادگایە و چاوەڕوانی ئەنجامی بریارەکانی دادگا دەکەین و ئەگەر ئەو دۆسیانە یەکلایی بکرێنەوە ئەوا هەنگاوێکی گرنگە لە دژایەتیکردنی گەندەڵی و ژمارەیەک کەسیش سزادراون و 11 دۆسیەی گەندەڵیش بەر لێبووردنی گشتی کەوتوون.
وتیشی ئەمساڵ لە ماوەی شەش مانگدا تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێر 400 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی گەڕێنراوەتەوە کە بەگەندەڵی لە دەستی بەرپرساندا بووە.
خەجتیشی لەوەکردەوە کە داوای دیاریکردنی دادگایەکی تایبەت دەکەن بۆ کاروباری دۆسیەکانی گەندەڵی.
ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی بەوەشدا، بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان بەشێوازی سیستمی داڕێژراو زۆرترین زانیاریمان بۆ هات و ئێمە 33 بابەتمان خراوەتە بەردەم دواتر دراوەتە فەرمانگەی یاسایی کە بەشێکی زۆریان بە دواداچوونیان بۆ کراوە، بەڵام کەمترینیان ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کراون.[1]
#31-07-2018#