ڕاگەیاندنامە..
لەبری دەستلەکارێشانەوە ڕەخنە لەناوخۆدا
--------
خۆبەخشان
شەماڵ ئەحمەد - کاروان حەسەن
لەئێستادا دۆخی گشتی لەناو جووڵانەوەی نەوەی نوێ دا بەچرکەساتێکی هەستیار وتەمومژاوی دا تێدەپەڕێ، ئەم دۆخەش پێویستی بەوەیە بەشێوەیەکی بوێر وعەقلانی بەر ڕەخنەی توند و بونیاتنەرانە بدرێت. بۆیە بەهۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاری نەخوازراو وڕووداوی کتوپڕ وچاوەڕواننەکراو لەناو چوارچێوەی جووڵاونەوەکەدا کەکاریگەری نەرێنی لەسەر ڕێڕەوی سروشتی جوڵانەوەکە هەبووە، بەباشمان زانی (گروپی ڕەخنە) وەک هێزێکی فشار لەناو جووڵانەوەکەدا ڕابگەیەنیین.
ئاشکرایە کە هەموو هێزێکی سیاسی بەبێ هەبوونی دەنگی ناڕازی وڕەخنە ناتوانێت درێژە بە بەرنامە وڕێکارە سیاسی و هەنگاوەکانی بدات، تەنانەت خودی ئەو هێزە یان دەبێتە هێزێکی دیکتاتۆری شمولی یان دەپوکێتەوە.
نەبوونی دەنگی ئازاد وبۆچوونی جیاواز وڕەخنە لەناو هێزی سیاسی دا، بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی دروست بوونی حیزبی تاکڕەو ونادیموکرات.
دیارە نەوەی نوێش وەک هێزێکی تازە لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی باشوردا، بەدەر نیە لە و خاڵە کەتێیدا بەشێوەیەک لەشێوەکان دەنگی ئازادی ئەندام و خۆبەخشانی خنکێنراوە.
لەمەودوا لەڕێگەی ڕەخنەی توند وبوێرانە کۆی ئەو عەقلیەتە بەر ڕەخنە وتانە وتەشەر دەدەین کە دەیەوێ ئاراستەی جووڵانەوەکە لەبەها ومەبدەئی سیاسی وستراتیژییەوە بۆ بەرژەوەندی تەسکی شەخسی وململانێی نا سروشتی بەرێ.
سەرباری ئەمەش، ئێمە وەکو دامەزرێنەری ئەم گروپە جیاواز لە خۆبەخشانی دەست لەکارکێشراو، باوەڕمان بەوە هەیە کە ئەم جووڵانەوەیە لەناوخۆدا پێویستی بە دەنگێکی کارا وبوێر هەیە، بۆئەوەی لەلایەن چەند کەسێکی بەرژەوەند خوازەوە بۆ مەرامی کەسێتی کۆنترۆڵ نەکرێت.
تێبینی ؛
1_ لەڕۆژانی داهاتوودا زنجیرەیەک بابەتی ڕەخنەئامێز لەبارەی جووڵانەوەکەوە بڵاو دەکەینەوە.
2_دەرگای ئەم گروپە کراوەیە بۆ هەر خۆبەخشێک کە بیەوێت ببێتە ئەندام.
#01-08-2018#