لە دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتی پەروێزخان، کۆمپانیای لۆکس ئەیجێنسی ماوەی شەش مانگە دەستبەکاربووە و کاری پشکنینی کەرەسەتەی بیناسازی و پاککەرەوه جوانکارییە. حکومەت دەیەوێ لە داهاتوودا ئەرکی پشکنینی هەموو ئه و کاڵایانەی پێ بسپێرێت، کە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن.
بەپێی ئامارەکانی ئەم کۆمپانیایە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا پشکنین بۆ 647 هەزار و 250 تۆن چیمەنتۆ، 53هەزار و 750 تۆن کاشی، 70 هەزار و 400 تۆن کەرەستەی پاککەرەوە کراوە و، نزیکەی 100 تۆن کاشی و کەرەستەی پاککردنەوه لە پشکنین دەرنەچوون و گەڕێندراونەتەوە ئێران.
یەکەی پشکنینی خۆراک لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان ئەرکی پشکنینی خۆراکی پێ سپێردراوە و، ئاماری ئەم یەکە دەریدەخات لەماوەی شەش مانگدا پشکنین بۆ شەش هەزار و 238 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کراوە، که 71 هەزار و 421 تۆن و 733 کیلۆگرام خۆراکیان هەڵگرتووە، له و بڕەش 369.461 تۆن گەڕێندراوەتەوە ئێران، چونکە لە پشکنین دەرنەچووە.
حسام ئیبراهیم، لێپرسراوی هۆبەی هاوردن و یەکەی پشکنینی خۆراک دەڵێ لەماوەی ئەمساڵدا 369 تۆن خۆراکمان گەڕاندووەتەوە ئێران و، هەریەکەی دووجار پشکنینی بۆ کراوه.
بەڕێوەبەرانی دەروازهی سنووریی پەروێزخان چاودێرییەکی وردی کۆمپانیا و دەزگا حکومییەکان دەکەن، ئەوان کاریان پشکنینە بۆ ئەوەی کاڵای خراپ نەگاتە دەستی کڕیاران.
ئارام سایەخان، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان دەڵێ ''هەموو ئه و کاڵایانەی لە ئێرانەوە دێن، پەیوەستن بە ژیانی خەڵک، ناوبانگی دەروازەکه: ئاسایشی خۆراکه، بۆیە بەبەردەوامی چاودێری دەکەین.
هاوکات لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا دەروازەکانی: منزریە، زرباتیە، شەلمچە، سەفوان و شیب لەنێوان عێراق و ئێراندا هەن و حوکمەتی عێراق سەرپەرشتییان دەکات، بەڵام زیاتر لەنیوەی ئه و کاڵایانەی لە دەروازەی سنووری پەروێزخانەوە هاوردەکرێن، ڕەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن.[1]
#02-08-2018#