ئەمڕۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکی دیکەی ئێزدییانە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی #داعش#ەوە. ئەو کۆمەڵکوژییە وەک یەکێک لە دڕندانەترین کۆمەڵکوژییەکانی سەدەی بیستویەک کەوتە مێژووی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتییەوە.
لەو هێرشەدا بۆ سەر دەڤەری #شنگال# 1293 کەسی سیڤیلی دەڤەری شنگال شەهید کران، هەروەها 6417 ئێزدیش ڕفێندران کە زۆربەی زۆریان منداڵی کچ و ئافرەتن و 2745 منداڵیش بێ دایکوباوک بوون. دەیان پەرستگەی ئێزدییان وێران کران و تا ئێستا 69 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە. ئەوانە و چەندین ئامار و بەڵگەی دیکە بەسن بۆ ئەوەی پەرلەمان و حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بڕیارێکی تایبەت دان بە جینۆسایدی ئێزدییاندا بنێن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆی لە پاراستنی ئێزدییان و هاوکاریکردنی زیاتری ئاوارەکانی دەڤەری شنگال، هەروەها نووسینگەی تایبەتیمان بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوان کە تا ئێستا نیوەیان ڕزگار کراون و تا ڕزگارکردنی هەموو خوشک و برا ئێزدییە ڕفێندراوەکانمان ناوەستین. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی تواناکانی هەوڵی باشکردنی ژیانی ئاوارەکانی دەڤەری شنگال دەدات کە چەند ساڵە لە دۆخێکی ناخۆشی ئاوارەییدا دەژین.
لەو ڕۆژە خەمناکەدا بە پێویستی دەزانین حکوومەتی فیدرالیی عێراق دەستبکات بە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی دەڤەری شنگال و بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆی لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بە شێوەیەکی ئاسایی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان.
هەروەها داوا لە دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی دژی داعش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی دەکەین بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوەی دەڤەری شنگال و باشکردنی ژیانی خەڵکی ئەو ناوچەیە کە جینۆسایدکردن و لێکەوتەکانی و خراپیی گوزەران، ژیانی ئەوانی تەواو ناخۆش کردووە. ئاوەدانکردنەوە و باشکردنی ژیانی خەڵکی دەڤەری شنگال ئەرکێکی هاوبەش و هەمەلایەنەیە.
لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز بۆ قوربانیان و گیانی پاکی ئەو #پێشمەرگە# قارەمانانە دادەنوێنین کە لەپێناو ڕزگارکردنی شنگالدا شەهید بوون و تێکشکاندنی داعش لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا لە شنگالەوە دەستیپێکرد.
#نێچیرڤان بارزانی#
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
#03-08-2018#