ئەزانم تەندروستیت زۆر باشە، بۆیە لە ئەحواڵت ناپرسم.
تەنها ئەمەوێ لەم نامەیا چیرۆکێکت بۆ بگێڕمەوە. هیوادارم کاتی خوێندنەوەیت هەبێت.
من دەرچوی بەشی مێژووم، ئەو مێژووەی سەدان پادشاو، سەرۆک حکومەت و دارو دەستەکانی بە زبڵدانەکەشی ڕەوا نەبینی و ئیستا ئێسقانەکانیشیان نەماون. ئەمڕۆ بە دیار فرۆشتنی ترۆزیەکانمەوە، مێژووی شۆڕشی فەڕەنسیم ئەخوێندەوە، لە شوێنێکا نوسراوە؛ چەند سەدەیەک لەمەو بەر گەلی فەڕەنسا سکاڵای برسێتیان ئەبەنە لای لویسی شانزەهەم، کە ئەو کات پادشای وڵات بو. بەڵام لە بری ئەوەی پادشا چارەیەکیان بکtات. پێیان دەڵێ ؛ بڕۆن پسکیت بخۆن. سەرەنجام ئەم قسەیە ئەبێتە هەوێنی توڕەبونی گەل و بەرپا کردنی شۆڕشێکی مەزن. تا وای لێدی سەری پاشا ئەبەنە بەر مەقسەڵەیەک و ئەیپەڕێنن. چونکە هەر بێ حورمەتیەک بە کەرامەتی ئینسان بکرێ باجی خۆی هەیە. جا هەر کەسێک بیکات. زوو یا درەنگ ئەبێ وەریگرێتەوە... بەڵێ ئەمە تەواوی چیرۆکەکە بو.. هیوادارم بە باشی لێی تێبگەیت.
بیستم جەنابیشتان ئەوەتان فەرموە؛ کە ئەگەر لە مەجالی پسپۆڕی خۆمان کارێک نەبو، بڕۆین حەماڵی کەین، یان ببین بە چای چی و بۆیاغچی سەرشەقامەکان. بۆ نمونە ؛ دەرچویەکی کۆلێژی پزیشکی بڕوا ببێ بە ناتری حەمام و،دەرونناسێک ببێ بە قاساب و، مێژوو نوسێک ترۆزی بفرۆشێ و، مامۆستایەکی ئینگلیزی هاوار بکا وەرنەوە بۆ ئاوی سارد و، توێژەرێکی کۆمەڵایەتی چەقۆ بفرۆشێ و، دان سازێکیش بە جووت گۆرەوی هەڕاج بکات. ئاساییە.. ئێمە ئەم کارە ئەکەین و ناهێڵین ماڵ و مناڵمان لە برسا بمرن و باری ئابوری وڵاتیش ڕەچاو ئەکەین. بەڵام تۆش ئەبێ شتێک بزانیت.
کاتی خۆی باڵوڵ ئەڕوا بۆ دیدەنی خەلیفە هاڕونە ڕەشید، ئەبینێ خەلیفە لە بەرزاییەکی زۆرەوە، وەک ئەو گردانەی تۆو هاوشێوەکانت لەسەریا ئەژین، بێ خەم لێی دانیشتوەو مێش میوانی نیە. باڵوڵ لە دوورەوە هاوار ئەکا سڵاو ئەی خودا ؟ خەلیفە ئەڵێ کاکە من خودا نیم. ئەڵێ باشە ئەگەر خوا نیت چیت داوە لەو ئاسمانەو بۆچی نایەی لە گەڵ ئەو خەڵکەیا بژیت.. جا جەنابیشتان ئەگەر خودان با بزانین، ئەگەریش خودا نین وەرەو مەرد بەو لە گەڵ ئێمەیا بژی.
گەرنا تۆ چۆن لەنێو ئەو کۆشک و تەلارانەوە ئێمە بچوک ئەبینیت، زۆر دڵنیا بە ئێمەش هەر وا تۆ ئەبینین.
وەرەو بزانە ژیان کردن لە کەلاوەکانی کوران و سەیداوەو تەعجیل چۆنە ؟ ببینە لە کۆتری سەلام ئەو خەڵکە چۆن ڕاوی نان ئەکەن. با دایکی تۆش وەک دایکی ئێمە شەوان کە دەنوێ، سۆندەی ئاوەکە بە قاچیەوە گرێ بدا، تا کە ئاو هات بڕژێ بە سەریاو تێبگەی لەوەی شەوانە خەونی چەندەها ژن و دایک بەم شێوەیە دەزڕێن ؟ با وەک ژنێکی میهرەبان کە مریشکێک دەکڕێ بۆتان، لە پێناو تێربونی تۆو پاڤێڵی برات، بڵێ من حەزم بە قاچەکانیەتی و ڕان و سنگەکەی بخاتە کاسەکەی ئێوەوە. تا تێبگەی هەژاری چیەو چۆنە ؟
دەئاخر باوکی تۆ، خۆ هێندەی ماندێلا تێکۆشانی نەکردوە، خۆ هێندەی گاندی ڕەنجی بۆ گەلەکەی نەکێشاوە. تا جەنابتان ئاوا لە ڕەفاهیەتدا بژین و ئەو خەڵکەش ڕۆژانە لە برسا بمرن.
پیاوێک هەیە لە ئۆڕۆگوای حەزەکەم بیناسیت، ئەو پیاوە ناوی خۆسێ مۆخیکایە، لەگەڵ خەڵکا ئەڕوا بۆ سڕەی بەنزین، خراپترین جۆری سەیارەی پێیە، تاکو ئیستا لە خانوی کرێدا ئەژی، یەک دینار لە حیسابی بانکیەکەیدا نیەو ڕۆژانە هەر ئەوەنەی هەیە کە بیخواو لە برسا نەمرێ. تۆ ئەزانی ئەو پیاوە کێیە ؟.. ئەو پیاوە سەرۆکی ئۆڕۆگوایە.. گوێت لێبو وتم چی ؟ وتم سەرۆک..
ببوره مشتەریم هات.. ماڵئاوا.
پەشێو حەمەد ئەمین
#03-08-2018#