مام ئازاد چەندین ساڵ بوو لەسەر مێزێک کاسبیی دەکرد تاوەکو توانی دووکانێک لە بازاڕی سێبیرانی ناو قەیسەری #هەولێر# بکڕێ، بەڵام ئێستا بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە بەرامبەر دووکانە سووتاوەکەی ڕاوەستاوە و دەڵێت 28 ساڵ بوو لەسەر عارەبانە و مێز شتم دەفرۆشت، بە ڕەنجی 28 ساڵە و فرۆشتنی خانووەکەم توانیم دووکانێک بکڕم، کەچی تەنیا دوای 15 ڕۆژ بوو بە خۆڵەمێش.
شەوی #05-08-2018# بازاڕی سێبیران لەناو قەیسەری هەولێر ئاگری گرت و بەسەدان دووکان سووتان. مولازم بێوار زەید، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە (رووداو)ی گوت ئاگرەکە بە 16 کاژێر کۆنترۆڵ کرا.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە شۆرتی کارەبا بووە.
قایمقامی هەولێر دەڵێت پێدەچێت بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووبێ. نەبەز عەبدولحەمید، بە (رووداو)ی گوت: لە بەرەبەیانەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا، بەڵام کێشە لە ژێرزەمینی باڵەخانەکە بوو، بەهۆی ئەوەی دووکانەکان کەلوپەلی پلاستیکی و جلوبەرگی ژێرەوەیان تێدابوو، ئاگرەکە هەڵدەگیرسایەوە. هەموو دووکانەکانی باڵەخانەکە نەسووتاون، بەڵام 110 دووکان سووتاون.
بەڵام بایز حەسەن، کە 16 ساڵە لەو بازاڕە دووکانی هەیە، دەڵێت بازاڕەکە نزیکەی 300 دووکان بوو، هەر هەموویان سووتاون.
گوتیشی: تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دڵسۆزانە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان دەدا، بەڵام ئەو کەرەستانەی لەبەردەستیان بوو ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوون کە ئاگرێکی لەم شێوەیە بکوژێننەوە.
ئەو دووکاندارە کە سێ دووکان و دوو کۆگای هەبوو لە بازاڕەکە، لەبارەی زیانەکانەوە دەڵێت: بازاڕەکە شوێنی جوملەفرۆشی بوو، کاڵای هەموو هەولێر لەو بازاڕەوە دابین دەکرا، کاتەکەشی نزیکی جەژن بوو، بۆیە کاڵایەکی زۆر لە دووکانەکاندا بوو، هەر دووکانێک بایی زیاتر لە 30 هەزار دۆلار کاڵای تێدابووە، جگە لەوە هەندێکیان پارەش لەناو قاسەکانیاندا بووە، دووکاندار هەبوو 80 هەزار دۆلار لەناو قاسەکەیدا بووە، خۆم بایی 15 هەزار دۆلار کاڵام لەناو دووکان و کۆگاکاندا هەبوو هەمووی سووتاون و هیچم بۆ دەرنەچوو. بە مەزەندەی ئەو دووکاندارە، ئەگەر هەر دووکانێک بایی 30 هەزار دۆلار کاڵای تێدابووبێ، ئەوە زیانی سووتانی ئەو 300 دووکانە نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار دەبێ.
تەنیا بازاڕی سێبیران نییە کە لەناو قەیسەری هەولێر سیستەمێکی کۆنی دابەشکردنی کارەبای هەیە، ڕەمزی مەولوود، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای هەولێر لە بازاڕەکە بە (رووداو)ی گوت: ئەو باڵەخانەیە یەکێکە لەو چوار بۆ پێنج باڵەخانە کۆنانەی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە هەن، جەنجاڵییەکی زۆری لە وایەر و کێبڵی کارەبای تێدایە، ئەو دووکانانەش هەموویان کێبڵ و کۆنتاکتەریان هەیە، زۆرجار لەکاتی گۆڕینی کارەبا لە موەلیدەوە بۆ کارەبای نیشتمانی کۆنتاکتەرەکان ئاگر فڕێدەدەن و ئەو ڕووداوانەی لێدەکەوێتەوە.
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی خاوەن دووکانەکانیش، قایمقامی هەولێر بە ڕووداوی گوت: لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە لەلایەن بەرگری شارستانییەوە پێکهێنراوە، هەر لایەنێک کەمتەرخەم بووبێت دەبێت بەرپرسیارێتی ڕووداوەکە لە ئەستۆ بگرێ.[1]
#06-08-2018#