نوسینی: هونەر عوسمان
پێشەکی: د. محەمەد کەمال
سەرەتا
ئەم لێکۆڵینەوەیە، بە ناونیشانی’بنەمایەکی ئۆنتۆلۆجی بۆ ڕەخنە’ هەوڵێکە بۆ بنیادنانی ڕوانین و ئایدیایەکی نوێ لەبارەی ڕەخنەوە. بێگومان بیرکردنەوە لە پێشنیازو خستنەڕووی ئایدیای نوێ بۆ ڕەخنە، کارێکی ئاساننییە، بەڵام هەوڵمداوە، بە سودوەرگرتن لە ئەزموونە پێشینەکانی بواری ڕەخنەو ڕەخنەکردنیان لەسەر بنەمای ئەو ئایدیایەی بۆ بنیادنانی ئایدیا نوێیەکە یاریدەدەر بووە، ئایدیاکە بخەمەڕوو. ئەم ئایدیایە سودی لە ئۆنتۆلۆجی، بەتایبەتی ‘ئۆنتۆلۆجی بنەڕەتی’ فەیلەسوفی بەناوبانگی ئەڵمانی مارتن هایدیگەر وەرگرتووە. هایدیگەر لە کتێبی’بوون و کات'(1) جەخت لەسەر بوون و نائامادەیی و بەلاڕێدابردنی پرسی بوون لەمێژووی فەلسەفەدا دەکات.
ئەو لەم کتێبەدا شۆڕشێکی فەلسەفی لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ پرسی بوون دەخاتەڕوو(2). لەم کارەدا ڕەخنە وەک ئۆنتۆلۆجی و ئۆنتۆلۆجی ڕەخنە لەسەر بنەمای پەیوەندی تەماشکراوە، واتە چەند جۆرێکی پەیوەندی پەیوەست بە نووسین خراوەتەڕوو. لێرەوە لەسەر بنەمای پەیوەندی ئۆنتۆلۆجی سێکوچکەی’نووسەر-تێکست-خوێنەر’ ئایدیا نوێیەکە خراوەتەڕوو. ئەم سێکوچکەیە پەیوەندییەکی ئۆنتۆلۆجی لەنێوانیاندایە و لەیەکدی دابڕاونین، کە لە زۆرینەی تیۆرە کۆن و نوێیەکاندا لەیەکدی دابڕێنراون و هەر تیۆرەو جەختی لەسەر یەکێکیان کردووە، بەڵام لێرەدا وەک پەیوەندی ئۆنتۆلۆجی دەبنە بنەما بۆ ڕەخنە. چونکە لێڕوانین بۆ سێکوچکەی ئاماژەبۆکراوە دوور لە ڕوانینی بابەتی و خودیانەیە. لەبەرئەوەی بەرکەوتن و کارلەیەککردنی نێوان هەبووەکان جیاوازە لە پەیوەندی سێکوچکەکە، (کورسی و مێز، یان پەردەو پەنجەرە ناتوانن هەستی بەرکەوتن و پەیوەندی بکەن) لێرەوە سێکوچکەکە بە هەبووی زیندوو دادەنێین، کە بەر یەکدی دەکەون و کار لەیەکدی دەکەن(3).
ئەم کارە هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ کاری ئایندە، کە چۆن بکرێت ئەم ئایدیا نوێیە بکرێتە بنەمای میتۆدو تیۆرەیەکی نوێ بۆ تێگەیشتن و نیشاندانی تێکست و بڕیاردانی ڕادیکاڵ لەبواری ڕەخنەو جیاکردنەوەی تێکست لە ناتێکست. لێرەدا زۆر بە وردی چەمک و واتا فەلسەفییەکان باسنەکراون، بەڵکو بەپێی پێویستی باسەکە خراونەتەڕوو، لەبەرئەوە بۆ تێگەیشتنی گرنگە خوێنەر شارەزایی لە فەلسەفەی هایدیگەردا هەبێت.
لەپەراوێزی کارەکەشدا بە کورتی ڕەخنەیەکی بنەڕەتیمان ئاراستەی ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕەخنەی کوردی گرتووە، پرسی بوون و نەبوونی ڕەخنەو جیاکردنەوەی سێکوچکەکەمان باسکردووەو لەسەر بنەمای ئایدیا نوێیەکە گریمانەی ڕەتکردنەوەی دابەشبوونی سێکوچکەکەمان کردووە. هاوکات بنەمای ڕەخنەو بەرهەمهێنانی گوتاری دروستیش بریتییە لە ئازادی و بنەمای هەستکردن بە ڕەخنەش بریتییە لە هەستکردن بە جوڵەو بزاوت، کە وەک چاودێرێک پێمانوایە ئازادی و جوڵەو بزاوت بە مانا فراوانەکەی نابینرێت. لە کۆتاییدا سەرچاوەکان خراونەتەڕوو، ئەنجامی باسەکە نەخراوەتەڕوو لەبەرئەوەی بەپێویستم نەزانیوە، چونکە سەرجەمی باسەکە هەوڵە بۆ ڕێخۆشکردن بۆ دۆزینەوەو گەیشتن ئەنجامی کردەکی.