کۆمپانیاکانی هاوردەکردن و هەناردە و پێشانگاکانی زێڕ دەڵێن بەهۆی دابەزینی نرخی زێڕ و هەناردەکردنی بۆ مووسڵ و ئێران، جووڵە کەوتووەتە نێو بازاڕی زێڕ و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 40% زیادی کردووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆریی خشڵ، هاوردەکردنی زێڕ لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 گەیشتە لوتکە کە 114 تۆن لە ئیمارات و تورکیاوە هاوردەکرابوو، بەڵام دواتر هاوردەکردنی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی، بەجۆرێک لە ساڵی 2014دا 77 تۆن، لە 2015دا 56 تۆن، لە 2016 دا 44 تۆن و ساڵی ڕابردووش نزیکەی 25 تۆن هاوردەکراوە، بەڵام هاوردەکردنی زێڕ لە چوار مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
شوان محەممەد، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی #هەولێر#، دەڵێت: بەهۆی دابەزینی نرخی زێڕ کە هەر مسقاڵێکی 30 هەزار دینار دابەزیوە. هەروەها هەناردەکردنی زێڕ بۆ مووسڵ، کڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگە بە بازرگانان نادات زێڕ هاوردە بکەن، بۆیە بازرگانانی ئێران، هەرێمی کوردستان وەک ترانزێت بۆ هاوردەکردنی زێڕ لە تورکیا و ئیماراتەوە بەکاردێنن.
شوان محەمەد، دەڵێت: بازرگانانی ئێران زێڕ لە تورکیا و ئیمارات دەکڕن و لەڕێگەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی زێڕەوە هاوردەی هەرێمی کوردستانی دەکەن. دواتر بەڕێگەی تایبەتی خۆیان دەیبەن بۆ ئێران، ئەمەش سوودی بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و حکومەت هەیە، چونکە بۆ هەر کیلۆیەک زێڕ 25 هەزار کرێی گواستنەوە وەردەگرن، حکومەتیش لە هاوردەکردنی هەر تۆنێک زێڕ 275 هەزار دینار وەک باج و ڕەسمی گومرگ و پشکنین وەردەگرێت.
ساڵی ڕابردوو دوای وەستانی گەشتی دەرەوە لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و #سلێمانی#، بازرگانانی هەرێمی کوردستان بە ناچاری لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نەجەف و بەغداوە زێڕیان هاوردە دەکرد، ڕێگاکەش زۆر ئارام نەبوو بۆیە هاوردەکردنی زێڕ بۆ هەرێمی کوردستان کەمی کرد.
شوان محەممەد، دەڵێت: هەر چەندە ئامارێکی دروستمان لەبەردەست نییە لەبارەی بڕی ئەو زێڕەی ساڵی ڕابردوو هاوردەکراوە، چونکە گومرگەکان ئێستا ئامارمان نادەنێ، بەڵام بەگوێرەی پێشبینییەکان ساڵی ڕابردوو نزیکەی 20 تاوەکو 25 تۆن هاوردەکراوە، ئەمساڵیش دوای هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر فڕۆکەخانەکانی کوردستان، هاوردەکردنی زێڕ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 45% زیادی کردووە.
لەهەرێمی کوردستان نزیکەی 40 کۆمپانیای تایبەت بە هاوردە و هەناردەی زێڕ هەن کە زێڕی شکاو لە پێشانگا و جوملەفرۆشەکان دەکڕنەوە، دواتر دەیکەن بە قاڵب و دەیبەنە ئیمارات و تورکیا، لەوێش زێڕی دروستکراو هاوردە دەکەن.
رەوەند سەباح، خاوەنی کۆمپانیایەکی بازرگانیی زێڕ لە شاری هەولێر، دەڵێَت: بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر کڕینی زێڕ، هاوردەکردنی لەچاو ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە، بۆ نموونە لەوەتەی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر هەڵگیراوە، یەک تۆن زێڕمان هاوردە کردووە، کۆمپانیاکانی دیکەش بڕێکی باشیان هاوردە کردووە، بۆیە لەو باوەڕەدام لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە قەد ساڵی ڕابردوو زێڕ هاوردە کرابێت.
ئێرانییەکان زێڕ دەکڕن
لە ترسی دابەزینی زیاتری نرخی تومەن، خەڵکی ئێران ئێستا زیاتر پارەکانیان دەکەنە دراوی بیانی و زێڕ، بۆیە لە ئێران خواست لەسەر زێڕ زیاد بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی داواکاری لەسەر ناردنی زێڕ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران زیاد ببێت.
هەندێک لە بازرگانانی کورد، ئەو زێڕە شکاوەی لە ناوخۆدا دەیکڕنەوە، بە بازرگانانی ئێرانی دەفرۆشنەوە، لە بەرامبەریشدا زێڕی بەقاڵب لەدوبەی دەکڕنەوە و پاشان دەیفرۆشنەوە بە زێڕنگرانی کوردستان.
رەوەند سەباح، دەڵێت: لەم بازرگانییەدا بازرگانەکان و جوملەفرۆشەکان سوودمەند دەبن، چونکە جوملەفرۆشەکان نرخی گواستنەوە و ڕەسمی گومرگی فڕۆکەخانە و پشکنینیان لەدوبەی بۆ دەگەڕێتەوە، بازرگانەکانیش جگە لە جیاوازیی نرخی زێڕ لێرە و ئێران، لە کڕین و فرۆشتنی هەر کیلۆیەک زێڕ 3 گرام قازانج دەکەن.
گوتیشی: ئەم بازرگانییە لە هەرێمی کوردستان ئەوەندە پەرەی سەندووە، زێڕی شکاو زۆر بە کەمی دەچێت بۆ دوبەی و کاری کۆمپانیاکانی گواستنەوەی زێڕ کەم بووەتەوە، بۆ نموونە پێشتر هەفتانە 50 کیلۆمان بۆ دوبەی دەبرد، ئێستا تەنیا 10 کیلۆ دەبەین.
بەهۆی ئەو متمانە و هەماهەنگییەی لە نێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و دوبەی هەیە، نزیکەی 70%ی ئەو زێڕەی جوملەفرۆشەکان هاوردەی دەکەن، بەقەرز لە دوبەی دێت، بەقەرزیش دەدرێتە پێشانگاکان، قەرزەکەش بەشێکی بەزێڕی شکاو و بەشێکی دیکەی بەپارە دەدرێتەوە، زۆرجاریش دانەوەی گرفتی تێدەکەوێت.
کامەران محەممەد کە زێڕنگرێکی شاری هەولێرە، دەڵێت: 80%ی ئەو زێڕەی لە دوبەی دەیهێنم بە قەرزە، زۆرجاریش 100% زێڕەکە بەقەرزی ماوەکورت بە پێشانگاکان دەفرۆشم، ئێستا نزیکەی 200 کیلۆ زێڕم لە قەرزدایە، هەفتانە پێشانگاکان دوای فرۆشتن بەشێک لە قەرزەکەم بۆ دەگەڕێننەوە، منیش زێڕی شکاو یان پارە لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوە بۆ نووسینگەکانی زێڕ لە دوبەی دەنێرم.
بۆ زیادکردنی داهاتی ناوخۆ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە گۆڕانکاری لە وەرگرتنی باج و ڕەسمی گومرگی هاوردە و هەناردەی زێڕ کراوە، پێشتر بۆ هاوردنی کیلۆیەک زێڕ 190 هەزار دینار باج و ڕەسمی گومرگی و 25 هەزار دیناریش وەک کرێی پشکنینی کۆنترۆڵی جۆری وەردەگیرا، بەڵام ئێستا 250 هەزار دینار وەکو باج و ڕەسمی گومرگی وەردەگیرێت و نرخی پشکنینیش وەک خۆی ماوەتەوە.
کامەران دەڵێت: ئەم خەرجییە هەمووی دەچێتە سەر نرخی دەستهەق لە کاتی فرۆشتن کە دواجار تەنیا کڕیار زەرەر دەکات.[1]
#08-08-2018#