بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و یۆرۆ ژمارەی پێوانەیی لە دابەزیندا تۆمارکرد، ئەوەش بەهۆی گرژییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە، حکومەتی تورکیاش پێداگریی خۆی لە هاوسەنگکردنی بەهای لیرەدا نیشاندەدات، کەچی ڕۆژ بە ڕۆژ لیرە زیاتر بەهای خۆی لەدەستدەدات.
لەبارەی دابەزینی بەهای لیرە لەسەر کاری کارگەکان و ڕێژەی بێکاری لە تورکیا و باکووری کوردستان، مەهدی موتڵو، پەیامنێری ڕووداو لە #ئامەد#، ڕایگەیاند: ئێستا بەهای یەک دۆلار 5.24 لیرەیە، ماوەی هەفتەیەکە لیرەی تورکی لە بەرامبەر دۆلار لە نێوان 4 بۆ 4.5% بەهاکەی لەدەستداوە، تەنانەت بەهای 1 دۆلار گەیشتە 5.42 لیرە.
پەیامنێری ڕووداو دەڵێت، دابەزینی بەهای لیرەی تورکی لە بەرامبەر دۆلار کاریگەری زۆری لەسەر کاری کارگەکان و ڕێژەی بێکاری لە باکووری کوردستان دروستکردووە، ئێستا ڕێژەی بێکاری بە گشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتووە بە 10.8%، بەڵام ڕێژەکە بە دیاریکراوی لە باکووری کوردستان زۆر زیاترە و دەگاتە 20.16%. لە کاتێکدا 48% ماڵباتەکانی باکووری کوردستان لەژێر هێڵی هەژارین.
پەیامنێری ڕووداو دەشڵێت، لە سێ مانگی ڕابردوو کاتێک بەهای لیرە دابەزی، ژمارەیەک زۆر لە کارگەکانی باکووری کوردستان مایەپووچ بوونە، بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکانیش لە سێ مانگی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا 11 هەزار کارگەی بچووک مایەپووچ بوونە.
ئەمریکا و تورکیا لە چەند پرسێکدا ناکۆکن و بەتایبەتیش پرسی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەمریکییەکە لە ئیزمیر گرژییەکانی زیاتر زیندووکردەوە، بەجۆرێک سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەڕەشەی لە تورکیا کرد بەوەی ئەگەر قەشەکە ئازاد نەکات، سزای بەسەردا بسەپێنێت. ئەوەبوو تورکیا قەشەکەی ئازادنەکرد و بەدوایەوە بەهای لیرە زیاتر دابەزی.
پسپۆرانی ئابووریی تورکیا چەند خاڵێکیان وەکو چارەسەر خستەڕوو:
-دەستهەڵگرتن لە زیادەڕەوەی لە کەرتی گشتیدا
-خۆپاراستن لەو هەنگاوانەی قەرز لەسەر گەنجینەی دەوڵەت زیاددەکەن
-پێشگرتن لە هاوردەکاریی ئارەزوومەندانە و پێویستییە سێیەمینەکان
-کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە پێویستیان بە دراوی بیانییە و دەستخستنی دراوەکە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە
-دروستکردنی قەناعەت لای خەڵک لەبارەی گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانەیی کە هەڵاوسان بەرزدەکەنەوە.
-ئەنجامدانی هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتی چین بۆ هەنگاوی کرداری.
هەڵکشانی خێرای دۆلاری ئەمریکی لە بەرامبەر لیرەی تورکی لە ڕۆژی 9-5-2018ەوە دەستیپێکرد دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرایکرد کە وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک دەکشێتەوە و سزا ئابوورییەکانی ساڵی 2015 بە بەهێزترین شێوە دەخاتەوە سەر تاران. بەمەش لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا خواست لەسەر دۆلار زیادیکرد.[1]
#08-08-2018#