30 ساڵ بەسەر کۆتاییهاتنی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق-دا تێپەڕدەبێت، کە بە شەڕێکی خۆناویی بۆ هەردوو وڵات دادەنرێت، تا ئێستاش ئاسەوارەکانی ئەو شەڕە بەسەر ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت دەڤەری باڵەکایەتییەوە ماوە.
دوای هەشت ساڵ لە شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان ئێران و عێراق سەدان هەزار قوربانیی و زیانی زۆری ماددیی، سەرەنجام 30 ساڵ بەر لە ئێستا و لەڕۆژی 8ی ئابی 1988دا هەردوو وڵات گەیشتنە ڕێککەوتن و کۆتاییان بە جەنگە خوێناوییەکەی نێوان هێنا.
ناوچە سنوورییەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ببوون بە مەیدانێکی سەرەکیی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، ناوچەی باڵەکایەتیش بەشێکی مەیدانی جەنگەکە بوو و بە هەزاران کەس لەسەر ماڵ و کار و کاسبی خۆیان بەزۆر ڕاگوێزران و خانوو و ڕەز و باخەکانیان ڕووخێندران و سووتێنران و کێڵگە کشتوکاڵێی و ئاژەڵدارییەکانیشیان مینڕێژکران.
$شەرەکە چۆن ڕوویدا؟$
شەڕی ئێران و عێراق، کە لە لەیلوولی 1980 بۆ ئابی 1988 بەردەوامبوو، شەڕێکی چەکداریی بوو لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕژێمی پێشووی عێراق، شەڕەکە بە هێرشی ڕژێمی سەدام بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و ماوەی 8 ساڵی خایاند، ئەم شەڕە لە ئێران بەناوی بەرگری پیرۆز، شەڕی سەپێندراو و لە عێراق بە ناوی قادسیەیی سەدام و شەڕی یەکەمی کەنداو ناودەبرا.
کاتی شەڕەکە بۆ ئیران گونجاو نەبوو، چونکە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران تازە سەرکەوتبوو و دۆخی سوپا و ئێران شێواو و ئاڵۆزبوو، بەڵام عێراق لە دۆخێکی ئابووریی و سەربازیی جێگیردابوو، کە ویستی سەدام وابوو عێراق ببێتە وڵاتی یەکەم لە ناوچەکەو بەمەش پەلاماری ئێرانی دا، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکانیش، هۆکارێکی دیکەی شەڕەکە ئەوەبوو، کە ئێران کودەتایەکی ئایدێۆلۆژیی ئاینیی کردبوو و دەیویست شۆڕشەکەی پەرەپێبدات بۆ سەر وڵاتانی دەوروبەری خۆی بە تایبەت عێراق، کە پێکهاتەیەکی زۆری شیعەی مەزهەبی تێدایە.
$زیانەکانی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران$
لەو جەنگەدا نیو ملیۆن سەربازی هەردوولا کوژران، جگەلەوەش زیانێکی زۆر گەورەی ئابووریی و سەربازیی لە هەردوو لێکەوتەوە و هیچیەکێکیشیان نەیتووانی سەرکەوتن بەسەر ئەویتردا بەدەستبهێنێت و سنوورەکان وەک خۆیان مانەوە.
لەو شەڕە هەشت ساڵییەدا، خەڵکێکی زۆری مەدەنیی بوونە قوربانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و چەندین ڕووداوی گەورەی کۆمەڵکوژیی وەکو کیمیابارانی #هەڵەبجە# و بالیسان لە باشوری کوردستان و کیمیابارانی #سەردەشت# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە، بەدرێژایی شەڕەکەش چەندین جار شارە کوردنشینەکان بۆمباران کران، کە وەک مەیدانی جەنگی هەردوولا دەبینرا.
$شەڕەکە چۆن کۆتاییهات؟$
بۆ وەستاندنی شەڕی خوێناویی ئێران و عێراق، ساڵی 1987 نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ژمارە (598)ی دەرکرد، کە تایبەت بوو بە وەستاندنی شەڕەکە لەزووترین کاتدا، بەڵام بڕیارەکە هیچکام لە لایەنەکانی شەڕەکە پابەندی نەبوون، تا دواتر زنجیرە گفتوگۆو و کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئێران و عێراقدا ئەنجامدرا و لە ڕێککەوتی 8ی ئابی ساڵی 1988 بەفەرمیی کۆتایی بە شەڕی ئێران و عێراق هات، دواتریش هەردوولا گەڕانەوە سەر سنووری پێشوی خۆیان، کە بەپێی ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975 بۆیان دیاریکرابوو.
ساڵی 2003 کۆتا دیلەکانی هەردوولا کە لە ژیاندا مابوون ئاڵوگۆڕکران، بەڵام تاوەکو ئێستاش بەشێکی زۆری جەستەی سەربازانی هەردوولا لە مەیدانەکانی جەنگدا لەژێر خاکدا ماون و نەگەڕێنراونتەوە.
ناوچەی باڵەکایەتیش یەکێک بوو لە مەیدانی شەڕی ئێران و عێراق، ئەو کات باڵەکایەتی لە سەنتەری شارۆچکەی #چۆمان# و هەردوو شارەدێی گەڵاڵە و حاجی ئۆمەران و زیاتر لە 100 گوند پێکهاتبوو، بەهۆیەوە تەواوی دانیشتووانەکەی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان ڕاگوێزران و سنوورەکە بووە مەیدانی جەنگ.
دوای ڕاگواستنی خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خانوو و مزگەوت و خوێندنگەکانی ناوچەکە ڕووخێندراون، بۆئەوەی ڕێگری لە گەڕانەوەی خەڵکەکەی بگیرێت و بەشێکی زۆری کێڵگە کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەکانیش بە مین چێندراون، دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکەش لە ساڵی 1991 بەدواوە ناوچەکە ئاوەدانبووەوە و خەڵکەکەی گەڕاونەتەوە و لەسەر ئەرکی خۆیان خانوو و ماڵ بنیادناوەتەوە.
لە ماوەی جەنگەکەدا باڵەکایەتی بەتەواوی خاپوور بوو، زۆرینەی ڕەز و باخەکانی سنوورەکە سووتان و مەڕوماڵاتەکەش لەناوچوون، دوای کۆتاییهاتنی جەنگ و گەڕانەوەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 1991، ڕووبەڕوویی ئەو ڕاستییە بوونەوە جەنگەکە هێشتا بەردەوامە، چونکە بە گوێرەی پێویست ئاوڕ لە ناوچەکە نەدرایەوە، کە بەهۆی جەنگەکە بە تەواوەتی خاپوور ببوو.
$هەتا ئێستا ئاسەوارەکانی جەنگەکە بە مەیدانی شەڕەکەوە ماون$
ناوچەی باڵەکایەتی کە ناوچەیەکی گرنگ و مەیدانێک بوو بۆ شەڕەکە، تائێستاش ئاسەوارەکانی جەنگی بەسەرەوە ماون، کە بەپێی ئامارێکی دەزگای مین تا ساڵی 2017 ژمارەی ئەو کێلگە مینانەی لەو دەڤەرەدا تۆمارکراون، بریتیبوون لە 206 کێلگەی مین، تاکو ئێستا یەک ملیۆن و 200 هەزار مەتردووجای لێ پاککراوەتەوە.
تاوەکو ئێستاش تەنها ناوچەی لە باڵەکایەتی، بەهۆی ئەو مینانەی لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق ئیران چێنراون، 592 کەس گیانیان لەدەستداوە و 131 کەسیش برینداربوون یاخود کەمئەندامبوون، کە 47 ژن و 627 کەس پیاون.
لە ڕابردووشدا پێنج ڕێکخراو ئەرکی هەڵگرتنەوەی مینەکانی سنووری باڵەکایەتییان لە ئەستۆگرتووە، بەڵام هێشتاش بەتەواویی کێڵگەکانی مین پاکنەکراونەتەوە، ئاوەدانبوونەوە و فراوانبوونی ڕێژەی دانیشتووانیش لە ناوچەکە، وایکردووە ترس و دڵەڕاوکێیەکان ڕوو لە زیادبوون بکات بەهۆی ئەو کیڵگە مینانەی لە سنوورەکەدا هەن.
هەتا ئێستاش حکومەتی ناوەندی عێراق هیچ قەرەبوویەکی ئەو ناوچەیەی نەکردووەتەوە، کە لە ئەنجامی شەڕەکە تووشی کارەسات بوو، لە ڕووی بە جینۆسایدناساندن و قەرەبووکردنەوەی زەرەو زیانەکانی خەڵک، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرجەم ئەو ناوچانەی کە هاوسنووری نێوان عێراق و ئێران بوون و لەو سەردەمەدا وەک مەیدانی جەنگەک بەکارهێندراون، قەرەبووکراونەتەوە.[1]
#08-08-2018#