سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاری کردووەتە سەر بازرگانانی هەرێمی کوردستان و بازرگانێک دەڵێت، تمەن بەهای خۆی لەدەستدا و بەرزبووەوە بۆ سەرووی نۆ هەزار و 500 تمەن، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر بازرگانانی کوردستان.
دەنگ و جوڵە لە بازاڕی حەواڵەی #سلێمانی# زۆرە، بەڵام دەنگی ژماردنی تمەن بە مەکینە کارەباییەکان وەکو پێشوو زۆر نییە.ئەمڕۆ لەم بازاڕەدا نە حەواڵەکار دڵیانخۆشە نە بازرگان، سەرجەمیان بە تێکڕا کەوتوونەتە ژێر کاریگەری نەرێنی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران.
ئاری خالید، بازرگان دەڵێت: تمەن بەهای خۆی لەدەستدا، بەرزبووەوە بۆ سەرووی نۆ هەزار و 500 تمەن. کاریگەری کردووەتە سەر بازرگانانی کوردستان. بەو پێیەی بازرگانان لە هەرێمی کوردستان پۆشاک و شتی دیکە لە ئێران دەکڕن.
ئەو بازرگانە دەشڵێت: بەدڵنیاییەوە ئەو مامەڵەیە بە نەقد و قەرز دەکرێت. ئەو مەوادەی دەینێرن پارەکەیان پاش ماوەیەکی دیکە بۆ دەگەڕێتەوە، لەبەرامبەر ئەوە بازرگانەکانی کوردستان بە دۆلار مامەڵە دەکەن، بەڵام ئەو پارەیەی لە ئێران بۆیان دەگەڕێتەوە تمەنە.
مامەڵەی بازرگانان لێرە زیاتر بە دۆلارە و دابەزینی نرخی تمەن واتا دەستکەوتنی داهاتێکی کەمتر بۆ بازرگانان، چونکە بازرگانان کاتێک بە دۆلار کاڵاکانیان بۆ ئێران هەناردە دەکەن، داهاتەکەیان بە تمەن بۆ دەگەڕێتەوە، کە تمەنیش نرخی بەردەوام لە دابەزین بووە.
رەسوڵیش بازرگانە و دەڵێت: کاریگەری هەیە لەسەر بازرگانەکانی ئێرە، لەبەر ئەوەی ئێمە شتمان دەنارد بۆ ئێران ئەوکات دۆلار بە حەوت هەزار تمەن بوو، بەڵام ئیستا دۆلار بووە بە 10 هەزار، پارەکەمان بۆ ناگەڕێتەوە، ئەوان ناتوانن بچنە ژێری، زەرەرێکی زۆردەکەن.
مامەڵەیەکی بازرگانی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەیە، بازرگانان لە هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی کاڵا ڕوو لە ئێران دەکەن و پێویستیان بە کڕینی تمەن هەیە.
ئەمە جیا لە لایەنی گەشتیاری و تەندرووستی و کۆمەڵایەتی کە وا دەکات زیاتر پێویست بە ئاڵوگۆڕی دراو بکات.[1]
#08-08-2018#