توێژەرێکی نەرویجی ڕەخنە له و ڕاپۆرتە دەگرێت کە کۆمپانیای دیلۆیت (Deloitte) دەربارەی نەوتی کوردستان ئامادەیکردوە و لە 31 ی تەمموزی ڕابردوودا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، ڕەخنەگرەکە دەڵێت ڕاپۆرتەکە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ڕاپۆرتەکەی پێشووتر نیە، لە کاتێکدا 22 مانگە سەرقاڵی ئامادەکردنیەتی.
ئەحمەد موسا جیاد، توێژەر و ڕاوێژکاری پەرەپێدانی نەرویجی لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی 7ی ئاب بڵاویکردوەتەوە دەڵێت کۆی داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان 7.9 ملیار دۆلار بووە، بەڵام تەنیا 3.9 ملیار دۆلاری بەدەست گەیشتوە، ئەوەش نیوەی ئه و داهاتی نەوتەیە کە فرۆشتویەتی.
$هەرێم و تەڵەی فرۆشتنی نەوت بەقەرز$
جیاد، ڕونیکردوەتەوە، فرۆشتنی نەوت بە قەرز بارودۆخێکی مەترسیدارە، پێویستە بەجددی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و گفتوگۆکانیش بە وردی و شەفافیەتییەکی تەواو و پاڵپشت بە داتا و زانیاری پشتڕاستکراو بەڕێوەبچێت، بەپێچەوانەوە ئابووری هەرێمی کوردستان گیرۆدەی تەڵەی قەرز و گرەوی ڕێوشوێنەکانی شێوازی فرۆشتنی نەوتی ئایندە دەبێت.
ئه و توێژەرە نەرویجیە، ئاماژە بەوەش دەکات، ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت جیاوازییەکی زۆر کەمی هەیە لەگەڵ ڕاپۆرتەکەی پێشتووتری کە 31 ی کانوونی دووەمی 2018 وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، لەکاتێکدا لە ماوەی 22 مانگدا تەنیا دوو ڕاپۆرتی لەسەر بەرهەمی نەوتی ساڵی 2017 ئامادە و بڵاوکردوەتەوە.
جەختیشیکردوەتەوە کە ڕاپۆرتی کۆمپانیاکەی دیلۆیت، کەمترین پێوەرەکانی شەفافیەتی نێودەوڵەتی تێدایە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی چارەسەری ڕێنمانیی و پێوەرەکانی (EITI) نەکردوە کە گرنگترین پێوەرەکانی دەستپێشخەری شەفافیەتی پیشەسازییە دەرهێنراوەکانە.
ئەحمەد موسا جیاد، ڕاشیدەگەنێت کە دیلۆیت بۆچوونی فەرمی حکومەتی هەرێمی پشتڕاستکردوەتەوە و تەنیا داتاکانی ئەوی بەکارهێناوە، بەبێ ئەوەی بەراوردی بکات بە
داتا و زانیاری لایەنی دیکەی پەیوەندیدار، ئەوەش گومان لە سەربەخۆیی، پیشەییبوون، ناوبانگ، ڕاستکۆیی و جدیەتی ڕاپۆرتەکانی دروستدەکات.
دیلۆیت لە ماوەی دوو ساڵدا تەنیا دوو ڕاپۆرتی شەش مانگی بۆ ساڵی 2017 ئامادەکردوە کە یەکەمیان لە 13ی کانوونی دووەمی 2018 و دووەمیش لە 31ی تەمموزی 2018 بڵاوکراوەتەوە.
هاوکات شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت بە دواڕۆژی وت من دوو تێبینیم هەیە لەسەر ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت، یەکەم وادەی بڵاوکردنەوەکە کە پێویستە لایەنی بەراوردکاری تێدابێت لەگەڵ ساڵێک لەمەوبەر کە ئەوەی تێدانیە، دووەم، وردبینی بۆ ئەوەی کەموکورتی دەربکەوێت، ئەوەش بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا، هیچ ئاماژەیەک بە کەموکورتی و پێشنیارەکان بۆ چارەسەر نەکراوە، مەعقولیش نیە کەرتی نەوتی کوردستان هیچ کەموکورتی نەبێت.
$دیلۆیت و دەستپێشخەری شەفافیەتی نێودەوڵەتی$
جەودەت وتیشی دیلۆیت گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، واتە لەژێر فەرمان و بڕگەکانی گرێبەستەکەدا دەبێت، ئەوەش کەموکورتییەکی گەورەی ڕاپۆرتەکەیە.
سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دەربارەی بەراورد نەکردنی داتا و زانیارییەکان وتی بەپێی دەستپێشخەری شەفافیەتی نێودەوڵەتی کە پێی دەوترێت EITI کە ستاندەرێکی نێودەوڵەتیە بۆ وردبینی، پێویستە زانیاری مەیدانی و ئیداری و زانیاری کۆمپانیاکانی نەوت بەوردی بەراورد بکرێت و ئەوەش نەکراوە.
توێژەرە نەرویجییەکە لە کۆتایی توێژینەکەیدا دەڵێت ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت هیچ شیکارییەکی بۆ داتا و زانیارییەکانی نەکردوە، بە تایبەتی کاریگەرییە داراییەکان لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان.[1]
#08-08-2018#