لە پارێزگای #سلێمانی# دوو پڕۆژەی سیتەک و زرگوێز کە لە 1500 یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتوون و کارەکانیان ڕاگیرابوو، بە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کارکردن تێیاندا دەستیپێکردووەتەوە.
زیاتر لە 11%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کرێچین و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەو کێشەیە ساڵی 2013 بە دەیان پڕۆژەی نیشتەجێبوونی بۆ پێدان بە کرێچییەکان کردەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی بەشێک لە پڕۆژەکان وەستاون.
بەپێی بڕیارەکە مانگانە بڕی یەک ملیار دینار بۆ تەواوکردنی ئەو دوو پڕۆژەیە خەرج دەکرێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستانیش بڕیارەکە بە کاریگەر لەقەڵەمدەدات و دەڵێت، بۆ وەرگرتنی ئەو 1500 یەکەیە، زیاتر لە 28 هەزار فۆرم پڕکراوەتەوە و بڕیارە بە تیروپشک بەسەر هەزار و 500 کرێچیدا دابەشبکرێت.
بەرهەم سەردار، سەرۆکی کرێنشینانی کوردستان دەڵێت: بڕیاروابوو ئەم یەکانە لە ماوەی سێ مانگدا ناوەکان ڕابگەیێنرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە ماوەی پێنج ساڵە خەڵک چاوەڕوانە، ئێستا ناوەکان پێویستی بە چێکێکی دیکە هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووتە سەر هێڵ و دەستخۆشیی لێدەکەین. بڕیارە مانگانە یەک ملیار دینار بدات بە وەبەرهێنەرەکان تاوەکو ئەو پڕۆژەی پێ تەواوبکەن. ئێمەش قسەمان لەگەڵ وەبەرهێنەرەکان کردووە. ئەوانیش بەڵێنیان داوە لە نزیکترین ماوەدا ئەو یەکانە تەواو بکەن، بەتایبەت یەکەکانی سیتەک''.
ئەو دوو پڕۆژەیە لە 1500 یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتوون و لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا تەواودەکرێن و دابەشدەکرێن. بەو پێیەش حکومەتی هەرێمی کوردستان 18 ملیار دیناریان بۆ خەرجدەکات.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: ''ئامارێکی نوێ دەکەینەوە، ئەو کەسانەی کە لەدوای 2013 ئەگەرسوودمەند بووبن، ئەگەر لانەیەکیان بۆ خۆیان دۆزیبێتەوە، ئەگەر ئاستی بژێویان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتبێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە دەگۆڕێت بۆ ئەو کەسانەی کە بەپێی ئەو لیستەی لەبەردەستی ئەواندایە کە پێویستیان بە وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون هەیە، بەڵام بنەمای یەکەمی بۆ ئەو کەسانەیە کە بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری سلێمانی لە ڕابردوودا ئیشی لەسەرکردوون. لە هەنگاوی یەکەمدا ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو فۆڕمانەدا دەکەین. هەنگاوی دووەم لەوانەی کە دەمێنێتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین، کە سوودمەند نەبوون، بۆئەوەی ناویان بخرێتە نێو ئەو پەیڕەوەوە''.
بڕیارە دوابەدوای ئەم پڕۆژەیە، 700 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتانی شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دروستبکرێت. ئەمەش لەپێناوی کەمترکردنەوەی ڕێژەی کرێنشینییە لە باشووری کوردستان، کە بەپێی دوایەمین داتای کۆمەڵەکەیان، لە 11%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کرێنشینن.[1]
#10-08-2018#